سۆلاری سێیەم سەركەوتنی بۆ ریال مەدرید بەدەستهێنا

:: AM:09:29:08/11/2018 ‌

سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری كاتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی سێیەم سەركەوتنی لەسەریەكی بۆ یانەكەی بەدەستهێنا.

سۆلاری راهێنەری تیپی دووەمی یانەی ریال مەدرید كە هەفتەی رابردوو بەشێوەی كاتی ئەركی راهێنەرایەتی تیپی یەكەمی لە شوێنی جولین لۆپیتیگی پێدرابوو، شەوی رابردوو سێیەم سەركەوتنی لەسەریەكی بۆ یانەكە بەدەستهێنا.

سۆلاری پێشتر لە یەكەم یاریی راهێنەرایەتی تیپی یەكەمی یانەی ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا لە یانەی مێلیای بردبووەوە، دواتر سەرەتای ئەم هەفتەیە لە یانەی بەلەد وەلیدیشی بردەوە لە خولی ئیسپانیا.

شەوی رابردووش لە یەكەم تاقیكردنەوەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكان لەنێو یاریگە و هاندەرانی یانەی ڤیكتۆریا بلزنی چیكی سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و بە 5 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە.

گۆڵەكانی یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی شەوی رابردوو لەلایەن یاریزانان كەریم بەنزیما 2 گۆڵ لە خولەكانی 21 و 37، كاسیمێرۆ لە خولەكی 23، گاریس بێل لە خولەكی 40 و تۆنی كڕووس لە خولەكی 67 هاتبوونە تۆماركردن.

بەم سەركەوتنە یانەی ریال مەدرید لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ژمارەی خاڵەكانی كرد بە 9 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی رۆمای ئیتاڵی لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی كۆمەڵەی حەوتەم مایەوە، یانەی سیسكا مۆسكۆی رووسیش بە 4 خاڵ لە ریزی سێیەم دێت و یانەی ڤیكتۆریا بلزنیش بە خاڵێك لە ریزی چوارەمە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م