زانكۆی پالاسكی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان لقێك دەكاتەوە

:: AM:09:40:08/11/2018 ‌

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرای كرد، دكتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە سەردانی ئەمدواییەیان بۆ چیك، لەگەڵ بریكاری وەزیری پەروەردەی چیك كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، لەهەمان كاتدا سەردانی ژمارەیەك زانكۆی ئاست بەرزیان كرد و چەند دامەزراوەیەكی توێژینەوەی زانستی ئەو وڵاتەیان بەسەر كردووەتەوە و بڕیارە لقی زانكۆیەكی تری چیكی لە كوردستان بكرێتەوە.

ئەو دەڵێت ئامانجیان ئەوەیە ناوچەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كامپی زانكۆ ئاستبەرزەكانی دنیا لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەكاری دەكات بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەكی یاسایی و دەركردنی ڕێنوێنیی تایبەت بە كاركردنی كامپی زانكۆ نێودەوڵەتییەكان.

ژمارەیەك زانكۆی ئەو وڵاتە هاوشێوەی زانكۆی ئۆستراڤا بە سوودوەرگرتن لە ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان، دەیانەوێ لقی زانكۆكانیان لە كوردستان بكەنەوە . ئێستەش زانكۆی پالاسكی لەم هەوڵەدایە. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای گەیاند، ئێمە دەخوازین یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك ئەنجام بدرێت، بەشێوەیەك ‌ تەواوی ئەو بوارانەی خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێ كە گرنگن بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە زانستییەكانی نێوان هەردوولا، بەوەش دەتوانن چوارچێوەی كاركردنی داهاتوویان دابڕێژن.

 ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ كردنەوەی لقی زانكۆ ئاستەبەرزەكانی دنیا. وەزیری خوێندنی باڵا هیواشی خواست كە لە داهاتوودا پڕۆژەكانمان زۆر فراوان بكەین و تەنیا لە چوارچێوەی كردنەوەی لقی زانكۆكانی ئەو وڵاتە لە كوردستان نەبێ، بەڵكو بوارەكانی گۆڕینەوەی ستافی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و ئەنجامدانی كۆنفرانسی هاوبەشیش بگرێتەوە.




وشە - سلێمان تاشان