بۆچی مۆرینۆ یاریزانان و هاندەرانی یۆڤێنتۆسی بەمشێوەیە توڕە كردبوو؟

:: AM:09:57:08/11/2018 ‌

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی دوای بردنەوەی لە یارییەكەی شەوی رابردوو و ئەنجامدانی هەڵسوكەوتێكی جیاواز بەبۆنەی ئەم سەركەوتنە بەشێك لە یاریزانان و هاندەرانی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی توڕە كرد.

شەوی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم بووە مێوانی یانەی یۆڤێنتۆس و یارییەكەشی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لێ بردەوە.

یارییەكە تا خولەكی 86 لە بەرژەوەندی یانەی یۆڤێنتۆس بوو بە گۆڵێكی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كە لە خولەكی 65 تۆماری كردبوو، بەڵام مۆرینۆ دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك لە خولەكانی 86 و 90 دوو گۆڵی لە رێگەی خوان ماتا و ئەلێكس ساندرۆی بەرگریكاری یانەی یۆڤێنتۆس بەشێوەی هەڵە تۆمار كرد و بەمەش ئەنجامی یارییەكەی بۆ بەرژەوەندی تیپەكەی بەكۆتا هێنا.

دوای تەواوبوونی یارییەكە مۆرینۆ هاتە نێو یاریگە و بە ئاماژەكردنی دەستەكانی بۆ گوێی سەرجەم هاندەرانی یانەی یۆڤێنتۆسی بێدەنگ كرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێك لە یاریزانانی یانەكە ناڕەزایی بەرامبەر بەم هەڵسوكەوتە نیشان بدەن.

مۆرینۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (بین سپۆڕت)ی قەتەڕی هۆكاری ئەم هەڵسوكەوتەی ئاشكرا كرد و رایگەیاند: بەمشێوەیە ئاهەنگم گێڕا، چونكە سەركەوتنێكی گەورەمان لە یارییەكەدا تۆمار كرد، ئەگەر پرسیار بكەن بۆچی بەمشێوەیە، پێتان دەڵێم كە ئایا ئێوە دەزانن لە ماوەی 84 خولەكی یارییەكەدا لەلایەن هاندەرانی یانەی یۆڤێنتۆسەوە بەچ شێوەیەك شێوەیەك سوكایەتیم پێكرا.

زیاتر گوتی: نەدەبوو هاندەرانی یانەی یۆڤێنتۆس سوكایەتی بە دایكم بكەن كە ئەو ئێستا لە ماڵەوەیە، ئەم هەڵسوكەوتەم پەرچەكرداری ئەم سوكایەتییانە بوو كە لە یارییەكەدا ئاراستەم كرا، من ناتوانم رێزی هیچ كەسێك بگرم ئەگەر سوكایەتیم پێ بكات.

جێی باسە یانەی مانچستەر یونایتد بەم سەركەوتنە ژمارەی خاڵەكانی لە كۆمەڵەی هەشتەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كردە 7 و هەر لە ریزبەندی دووەمی یانەكان مایەوە دوای یانەی یۆڤێنتۆس كە 9 خاڵی هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م