ئەمساڵ عێراق 270 ملیۆن دۆلار قەرەبووی كوێتی کردووەتەوە و چوار ملیاری تر قەرزدارە

:: AM:10:32:08/11/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، كوێت بڕی پارەی ماوەی قەرەبووی هێرشی رژێمی بەعسی ئاشكرا كرد و رای گەیاند، لەمساڵدا عێراق 270 ملیۆن دۆلار قەرەبووی داوە.

خالید موزف سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی دەستەی گشتی بۆ شیمانەكردنی قەرەبووەكان، رای گەیاند كە عێراق ئەمساڵ سێ جار پارەی قەرەبووی بە كوێت داوە، لە مانگەكانی نیسان و تەمووز و تشرینی یەكەم كە بۆ هەر مانگێك 90 ملیۆن دۆلار بووە، كۆی گشتی دەكاتە 270 ملیۆن دۆلار.

زیاتر گوتی "دوای سڕینەوەی ئەو بڕە پارەیە، ئەوا چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری شایستەی دارایی قەرەبووی كوێت لای عێراق ماوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر عێراقی سەپاند وەك قەرەبووی هێرشكردنە سەر كوێت لەلایەن رژێمی بەعس".


جێی باسە نەتەوە یەكگرتووەكان عێراقی خستە ژێر بەندی حەوتەمی نەتەوە یەكگرتووەكان دوای ئەوەی رژێمی سەدام حوسێن ساڵی 1990 هێرشی كردە سەر كوێت و داگیری كرد، بەگوێرەی بەندی حەوتەمیش بێت، نەتەوە یەكگرتووەكان رێی دا هێز بەرانبەر بە عێراق بەكار بهێنرێت بەوەی بووەتە مەترسی بەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، هاوكات بڕیاری دا هەرچی سەرمایەی هەیەتی لە بانكەكانی دنیا سڕ بكرێت بۆ دانەوەی قەرەبووی زیان لێكەوتووانی شەڕی دژ بە كوێت.

جێی باسە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی 1991 لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێنا بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووانی شەڕی دژ بە كوێت، لیژنەكە قەرەبووی هاووڵاتییان و دامەزراوە حكوومی و تایبەتەكان و كۆمپانیا و كارگەكانی بە 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار خەمڵاند، تا ئێستەش عێراق 47 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری بە كوێت داوە.



وشە - فه‌رمان سادق