بۆ دەستخستنی سەرمایە و هەڵاتن لە ریزی داعش، چەكدارانی ئەو رێكخراوە پەنا دەبەنە بەر فرۆشتنی ژنانی ئێزیدی بە كەسوكاریان. لەیلا یەكێكە لەو ژنانەی هاوشانی حەوت ژنی تر بەرانبەر بە 100 هەزار دۆلار ئازاد كراوە، دەڵێ باوەڕم نەدەكرد بتوانم رابكەم، وامدەزانی تەواوی تەمەنم لەگەڵ داعش دەبەمە سەر.
رۆژنامەی ئێندیپێندنتی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرای دەكات كە چەكدارانی داعش بۆ هەڵاتن لە ریزی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە، پەنایان بردووەتە بەر ژنانی ئێزیدی.
لە راپۆرتەكەدا روون كراوەتەوە كە چەكدارانی
داعش ژنانی ئێزیدی بە كەسوكاریان دەفرۆشنەوە و دەیانەوێ بەو پارەیەی دەستیان دەكەوێت، لە ریزی رێكخراوی تیرۆریستی داعش خۆیان رزگار بكەن و خەرجی گەشت و هەڵاتنەكەیان دابین بكەن.
عەلی یەكێكە لەو ئێزیدییانە كە قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووە، ئاشكرای كردووە كە بێ هیوا بووە لە دۆزینەوەی لەیلای كچە براكەی، بەڵام لە ماوەی رابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆیی یەك خولەكی بۆ مۆبایلەكەی هاتووەتە ناردن و تێیدا لەیلا دەردەكەوێت قسە دەكات.
روونی دەكاتەوە كە لەیلا لای چەكدارێكی داعشی میسڕی دەستبەسەر بووە لە دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەمەش یەكەمجارە لەیلا ببینین دوای رفاندنی لە مانگی ئابی 2014.
وەك عەلی 42 ساڵان دەڵێ، لەیلا لە گرتە ڤیدیۆیەكە داوا لە مامی دەكات كە هەرچی ئەوان لێیان داوا دەكات بۆیان ئەنجام بدات لە بەرانبەر ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی، گوتی "دوای سێ مانگ لە هەوڵ و پێوەندی، سێ رۆژە لەیلا گەڕاوەتەوە كوردستان و ئێستە لەگەڵ كەسوكاری لە كەمپێكی دهۆك نیشتەجێیە". زیاتر گوتی "بەرانبەر بە ئازادكردنی لەیلا و حەوت ژنی تری ئێزیدی، 100 هەزار دۆلارمان داوە بە چەكدارە داعشە".
مامی لەیلا ئەوەشی ئاشكرا كرد كە چەكدارە داعشەكە سەرەتا لە فەیسبووك پێوەندی پێوە كردووە، پاشان لە تەلیگرام، ئەوەی پێ گوتووە كە ئەو پارەكەی پێویستە بۆ هەڵاتن لە ریزی داعش و گوتی، "پێی گوتم بەو پارەیە دەچمە توركیا".
لەگەڵ زیاتر دەورەدانی داعش كە تەنیا لە چەند ناوچەیەكی كەمیان لە بەردەست ماوە لە سووریا، ئەوا زۆر لە چەكدارانی داعش دەیانەوێت رابكەن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە پارە هەیە، هەوڵ دەدەن لە رێی فرۆشتنەوەی ژن و كچ و منداڵانی ئێزیدی بە كەسوكاریان ئەو بڕە پارەیە دابین بكەن و خۆیان بگەیەننە توركیا یان هەر وڵاتێكی تر.
تەڵال موڕاد یەكێك لە چالاكانی ئێزیدی دەڵێ، بێ هیواییەكی زۆر لە ریزی چەكدارانی داعشدا هەیە، زۆرینەیان دەیانەوێ ریزی داعش جێ بهێڵن، ئەمەشە وایكردووە جارێكی تر ژنان و كچان و منداڵانی ئێزیدی بە كەسوكاریان بفرۆشنەوە، ئەمەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆری ئێزیدییە رفێنراوەكان لەم ماوەیەدا بگەڕێنەوە و ئازاد بكرێن. گوتی "تەنیا لەم هەفتەیەدا پێنج ژنی ئێزیدی كە منداڵیشیان تێدا بوو، بە پارە كڕاونەتەوە و ئازاد كراون".
زیاتر گوتی "هەمیشە داوای 10 هەزار دۆلار دەكەن بۆ ئازادكردنی یەك كەس، ئەگەر منداڵی لەگەڵ بێت یان خێزانێك بن ئەوا داوای 30 هەزار دەكەن، ئەمەش وایكردووە هەر لەناو چەكدارانی داعش خۆیانەوە كڕین و فرۆشتن بە ئێزیدییەكان بكرێت و لە یەكتری بكڕنەوە و بیانفرۆشنەوە بە كەسوكاریان بە پارەیەكی زیاتر".
ئەگەرچی ئێزیدییەكان بۆ ئازادكردنی كەسوكارە رفێنراوەكانیان پارەیەكی زۆر دەدەن بە چەكدارانی داعش، بەڵام وەك تەڵاڵ دەڵێ هیچ چارەیەكی تریان نییە، هیچ كەسێكیش یارمەتی ئێزیدییەكان نادات و هیچ لایەنێكیش گرنگی بە رفێنراوانی ئێزیدی نادات، گوتی "ئێوە چی دەكەن ئەگەر كچ و دایك و خوشكتان رفێنرابن؟".
جێی باسە زیاتر لە 10 هەزار لە ئێزیدییەكان لە كاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەی ئێزیدییەكان، لەلایەن داعشەوە لەناو براون و بەشێكیشیان بە دیل گیران.
بەگوێرەی دوا زانیاری و ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان، تا ئێستە لە كۆی شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفێنراو بە ژن و پیاو و منداڵ، سێ هەزار و 322یان ئازاد كراون، لەو ژمارەیە هەزار و 156یان ژنن، 337یان پیاون، 956یان مناڵی كچن و 873یان منداڵی كوڕن.
بە پێی ئامارەكان سێ هەزار و 95 رفێنراوی ئێزیدی هێشتا بێ سەروشوێنن، لەو ژمارەیەش هەزار و 436یان ژنن و هەزار و 659یان پیاو.
دایكی لەیلا كە خۆی و كچێكی ئێستە لە كەنەدا دەژین، ساڵێك پێش ئێستە لە دەستی داعش رزگار بووە و كەنەدا مافی پەنابەری پێ داوە.
لەیلا دوای ئازادكردنی بە تەلەفۆن لەگەڵ دایكی قسەی كردووە، ئەو دەڵێ هیچ كات باوەڕی نەكردووە بتوانێ لە دەستی داعش رزگاری ببێت، گوتی "وامدەزانی تەواوی تەمەنم لەگەڵ داعش بەسەر دەبەم".