بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رای گەیاند، ئەو ماڵانەی بە نایاسایی ئاویان بەستووە و خانووەكانیان لە سیستەمی ئەلیكترۆنی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بۆ پارەی ئاو تۆمار نەكراوە، سزا دەدرێن و دەبێ پارەی هەموو ساڵەكان بدەن.
سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی تشرینی دووەم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ماڵانەی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، خانووەكانیان بۆ وەرگرتنی پارەی ئاو لە سیستەمی كۆمپیوتەردا تۆمار نەكراوە، پێویستە لە سەرەتای دروستبوونی خانووەكەوە سەرجەم ئەو پسوولانەی بۆیان ھاتووەتەوە، وەك بەڵگەیەك بیبەن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكە بۆ ئەوەی لە سیستمەكەدا تۆمار بكرێن، بەپێچەوانەشەوە سەرجەم پارەكەیان لێ وەدەگیرێت.
لەبارەی ئەوەی ئەو ماڵانەی پسوولەكانیان ون كردووە، سەربەست عوسمان گوتی:"پسوولەی وەرگرتنی پارەی ئاو بەڵگەی رادەستكردنی پارەكەیە و پێویستە ھەبێت، ئەو ماڵانەشی پسوولەكانیان نەماوە، پێویستە سەرجەم پارەكە بدەن، یان بەشێوەی قیست بیدەن، بەمەرجێك خانووەكە مامەڵەی (كڕین، فرۆشتن، ڕەھن و كرێ)ی لەسەر نەبێت".
لەبارەی ئەوانەی ئاوی دووەمیان بەشێوەی نایاسایی بۆ ماڵەكانیان راكێشاوە، سەربەست عوسمان گوتی: "ئەوانە كەمترین سزا بۆیان ئەوەیە كە دەبێت لەسەر حیسابی خۆیان ئاوەكەیان ببڕن، ئەگەر نا غەرامەیەكی زۆر دەكرێن و ئاوەكەشیان دەبڕێت".
سلێمانی ـ هەستیار