لە دهۆک نەخۆشیی شێرپەنجە زیادی كردووە

:: PM:01:20:08/11/2018 ‌
نەخۆشیی شێرپەنجە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی مەترسیدارە كە تووشی ژنان دەبێت و ژمارەی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە لە هەموو دنیا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو هەڵكشان دەچێت، لە سنووری پارێزگای دهۆكیش 188 حاڵەتی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك تۆمار كراوە.

لوما حازم بەرپرسی سەنتەری "وێ" كە تایبەتە بە تەندروستی و كۆمەڵایەتی ژنان لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای دهۆك 188 حاڵەتی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك تەنیا لە ساڵی رابردوو لەلایەن ژنانەوە تۆمار كراوە و رێژەكەش بەرەو هەڵكشان دەچێت.

ئاشكرای كرد، نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك نەخۆشییەكی ترسناك و مەترسیی لە هەموو دنیا هەیە، لە سەرانسەری دنیا ژمارەی تووشبوووان بە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمك ساڵانە دەگاتە ملیونێك و 500 هەزار كەس، نزیكەی 450 هەزار كەس لەو تووشبووانە ساڵانە گیانیان لە دەست دەدەن، بۆیە پێویستی بە هۆشیاری كۆمەڵایەتی هەیە.

بەرپرسی سەنتەرەكە ئاماژەی دا، بەمەبەستی هۆشیاركردنەوەی ژنان، ئەوان رێنوێنیی تایبەت بە ژنان و كچان دەدەن و پێویستە ژنان بەردەوام گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن و راهێنانی وەرزشی بكەن و لە جگەرەكێشان دور بكەونەوە، هەمیشە زانیاری لەبارەی خۆپاراستن و چارەسەری وەربگرن.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - رامیار جەواد