خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان وعێراق لەسەر زانکۆ ئەهلییەکان رێککەوتن

:: PM:01:21:08/11/2018 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، لەسەر پرسی زانكۆ ئەهلییەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان کۆ بوونەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا هاتووە، چەند یاداشتێكی لێك تێگەیشتن لە نێوان خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان و عێراق واژوو كرا و لە حكوومەتی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت.

ئاشكرا كراوە، خاڵێكی ناو یاداشتەكە كە تایبەتە بە چارەسەركردنی كێشەی كۆلێژە زانكۆییەكانی ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دوای واژووكردنی یاداشتەكە مانای ئەوە نییە بەبێ بوونی مەرجی زانستی و كوالێتی وەزارەتەكەمان متمانە بەو زانكۆیانە ببەخشێت، بەڵكو كێشەی ئەم زانكۆیانە پێوەندیدارە بە ئاست و كوالێتی خوێندن و پابەندبوون بە مەرج و ڕێنوێنییە یاساییەكانی خوێندنی تایبەت كە لەگەڵ ستانداردەكانی خوێندن بگونجێت.

ئاشكرا كراوە، لە هەمان كاتیشدا لە یاداشتەكە هەمان ئەو مەرج و ڕێنوێنییانەی كە پێشتر دووپاتمان لەسەری كردووەتەوە بۆ ئەم زانكۆیانە باس كراون, بۆیە كێشەی ئەو زانكۆیانە بەستراوەتەوە بە هەبوونی كوالێتی خوێندن و جێبەجێكردنی مەرج و ڕێنوێنییەكانی وەرگرتنی خوێندكاران و قوتابییان لەم كۆلێژە زانكۆییانەدا.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، دەرچووانی 12ی ئامادەیی و سەرجەم ئەو خوازیارانەی مەبەستیانە لەم كۆلێژە زانكۆییانە بخوێنن ڕابگەیەنین، كە بە وردی  ئاگەداری هەموو ئەو مەرج و ڕێنوێنییانەی وەزارەتەكەمان بن, كە دایناوە بۆ وەرگرتن و دەستكردن بە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا.



وشە - رامیار جەواد