كۆشكی كانی ماسی بە دیزاینێكی بچووكتر دروست دەكرێتەوە

:: PM:02:51:08/11/2018 ‌


لە شارەدێی كانی ماسی یەكەم كۆشك لەلایەن هاووڵاتییەكی كریستیان لە ساڵی 1928 دروست كراوە، پێشتر ئەو كۆشكە بە هۆی ئاڵۆزییەكان رووخاوە و خاوەنی كۆشكەكەش لە دیزاینێكی بچووكتردا دروستی دەكاتەوە.

رێبەر دێرشكی كە لە خاوەنی كۆشكەكە نزیكە بە "وشە"ی راگەیاند، یەكەم كۆشك لە سنووری شارەدێی كانی ماسی سەر بە شارۆكەی ئامێدی دروست كرابێت، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1928ی زاینی و لەلایەن "رەشو كوچای تروانشی" دروست كراوە.

ئەو گوتی كۆشكەكە‌ لەلایەن هاووڵاتییەكی كریستیان دروست كرا‌، لە كاتی خۆیدا دوو وەستای دیوار و چوار كرێكاری تر لەسەری كاریان كردووە، كۆشكەكەش هەمووی لە بەرد دروست كراوە و بەردەكانیش لە دەشتی هێری هێناون كە یەكێكە لە ناوچە ناسراوەكانی دەڤەری بەرواری باڵا، دوای ئەوە خاوەنی كۆشكەكە كۆچی دوایی كرد و بۆ دەروێش داود سلێوا مایەوە، دواتریش بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی و داگیركارییەكانی رژێمی بەعس رووخا و تەنیا شوێنەواری مابوو.

بۆ ئەوەی دیرۆكی كۆشكەكە‌ لەناو نەچێت، دەروێش داود سلێوا هەمان كۆشك بە بچووككراوی دروست دەكاتەوە. كۆشكەكە لە دوو نهوم پێك دێت و هەر دوو نهۆمەكە شەش ژووری هەیە، لەگەڵ چەند دەستشۆر و گەرماو. هاوكات هۆڵێك بو پێشوازی خەڵك دروست دەكرێت.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - سلێمان تاشان