گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، تا ئێسته ده‌رمان به‌شێوه‌ی قاچاغ ده‌چێته عێراق و ئه‌و ده‌رمانانه‌یش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه كۆنترۆڵ نه‌كراون.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م هه‌شتى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، د. خاڵس قادر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌ماوه‌ی ڕابردوو ڕێژه‌یه‌كی زۆر له ده‌رمانی قاچاغ ره‌وانه‌ی عێراق كراوه و تا ئێسته‌یش وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له هه‌وڵدان بۆ كۆنترۆڵ كردنی، به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه ڕووی نه‌كردووه‌ته كوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێگری به‌رده‌وام له هێنانى ده‌رمانى قاچاغ ده‌كات. دووپاتیش ده‌كاته‌وه كه هه‌وڵه‌كان له كوردستان بۆ ڕێگرى له ده‌رمانى به قاچاغ چڕ ده‌كرێنه‌وه.
روونیشى كرده‌وه كه پێشتر چه‌ندان وریایی دراوه له‌سه‌ر چه‌ند جۆره ده‌رمانێكی قاچاغ و قه‌ده‌غه‌كراو كه زیانی لاوه‌كی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و خراپه بۆ باری ته‌ندروستی خه‌ڵك".
هاوكات پێشتر "وشه" له ڕاپۆرتێكدا ئاشكراى كرد، كه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانه‌وه چه‌ندان بازرگانى تورك و كورد له‌سه‌ر هێنانى ده‌رمان به قاچاغ گیراون و پڕۆسه‌كه‌یش به‌رده‌وامه.
ماوه‌یه‌كه ده‌رمانی قاچاغ ڕه‌وانه‌ی شار و شارۆكه‌كانی عێراق ده‌كرێن به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه كۆنترۆڵ بكرێن كه ئه‌مه‌یش مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی زۆرێك له هاووڵاتییان دروست كردووه.