تا ئێستە ناكۆكییەكان لەبارەی هەشت وەزیرەكەی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی بەردەوامە و سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت كە رێككەوتن كراوە بۆ تێپەڕاندنی چوار وەزیر لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
جاسم محەمەد جەعفەر، ئەمڕۆ پێنجشەم لەو بارەوە گوتی، تا ئێستەیش ناكۆكی نێوان لیستەكان لەبارەی هەر هەشت وەزارتەكەی لە كابینەی حكوومەت دیاری نەكراون بەردەوامە، زیاتر گوتی، رێككەوتن لەبارەی چوار وەزارەت نزیك بووەتەوە و رەنگە لەو دانیشتنەی ئەگەری سازكردنی رۆژی شەموو هەیە، دەنگیان لەسەر بدرێ.
ئاماژەی كرد، ئەو وەزارەتانەی تەوافوقیان لەبارەوە كراوە بریتین لە داد و بەرگری و خوێندنی باڵا و كۆچ و كۆچبەران كە رەنگە ئەوان بێنە تێپەڕاندن، دووپاتی كردەوە كە زیاتر لە 170 پەرلەمانتار رێكن لەسەر تێپەڕاندنی كاندیدی ئەو چوار وەزارتە بە دانیشتنی رۆژی شەموو، لەو كاتەی ناكۆكی لەسەر وەزارتەكانی تر بەردەوامە.
لای خۆیەوە
حامد عەباس، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا رای گەیاند كە رێككەوتن كراوە لەسەر تێپەڕاندنی فالح فەیاز وەك وەزیری ناوخۆی عێراق و قوسەی سوهێل وەك وەزیری خوێندنی باڵا بە زۆرینەی دەنگ بە رێككەوتن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر بێ هاوپەیمانی سائیروون كە تا ئێستە سوورە لەسەر گۆڕینی فەیاز و سوهێل.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە هاوپیەیمانی بینا ئەو دوو كاندیدە بە زۆرینە تێپەڕ دەكات، سەرەڕای رەتكردنەوەیان لەلایەن هاوپەیمانی سائیروونەوە و روونی كردەوە كە لەگەڵ كورد و سوننە رێككەوتوون بۆ تێپەراندنیان بە تایبەتی لەبارەی فەیازەوە. بۆیە هاوپەیمانی بینا لە دانیشتنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمان تووشی سەختی نابێت.