لێپرسینەوە و دادوەری دەبێتە شمشێری شیعە بۆ سەر ملی سوننە

:: PM:06:11:08/11/2018 ‌

دەستەی باڵای نیشتیمانی لێپرسینەوە و دادوەری لە عێراق رای گەیاند كە دوو وەزیری كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەەزیرانی عێراق رێوشوێنەكانی لێپرسینەوە و دادوەری دەیانگرێتەوە، ئەوەیش لە كۆی 22 وەزیری كابینەكە كە سیڤیان رەوانەی دەستەكە كراوە.

فارس عەبدولسەتار مەولا، گوتەبێژ بەناوی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری لە لێدوانێكی لەوبارەوە دەڵێت، دەستەی لێپرسینەوە نووسراوێكی داوەتە پەرلەمانی عێراق كە بە وردی باسی تۆماری هەر 22 وەزیرەكەی كابینەی نوێی حكوومەت دەكات كە ناوەكانی بۆ رەوانە كردوون، دووپاتی كردەوە، دوو لەو وەزیرانە رێوشوێنەكانی دەستەكە دەیانگرێتەوە. 

تا ئێستە ناكۆكییەكان لەبارەی كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی یەكلا نەبووەتەوە كە لە 24ی مانگی رابردوو لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆگرامی حكوومەتی و 14 وەزیر لە كابینەكەی درا، بۆیە تا ئێستە هەشت لە وەزیرانی كابینەكەی كێشەیان لەبارەوە هەیە و داوای گۆڕینیان دەكرێت، بەتایبەتی وەزیرە تەناهییەكان، جیا لەوەی ئەو وەزیرانەی تێپەڕێنراون ئەوانیش كێشەی تریان هەیە.

گوتەبێژی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری ناوی ئەو دوو وەزیرەی كابینەكەی عەبدولمەهدی ئاشكرا نەكرد كە رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە دەیانگرێتەوە، بەڵام سەرچاوەكان پێشبینی ئەوە دەكەن كە فەیسەڵ جەربا و هیشام دەراجی، كە دوو كاندیدی سوننەكانن بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری عێراق دوور بخرێنەوە، چونكە پێشتر ئەوان ئەندامی حزبی بەعس بوونە و رێوشوێنەكانی ریشەكێشكردنی بەعس دەیانگرێتەوە.  

حزبی بەعس كە زیاتر لە 30 ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی كرد بەر لەوەی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 2003 بێتە رووخاندن، دوای ئەوە كرایە حزبێكی هەڵوەشاوە و قەدەغەكراو و رێگری لێ كرا لە گەڕانەوەی بۆ كایەی سیاسی و دەسەڵات لە عێراق جا بە هەر ناوێكەوە بێت، ئەو حزبەی بە ئەنجامدانی دەیان تاوان و پێشێلكاری لەدژی خەڵكی عێراق تۆمەتبار دەكرێت. 

لە عێراقی دوای 2003 رێگری لە هەر كەسێك دەكرێت پۆستی حكوومەتی وەربگرێت ئەگەر یاسای لێپرسینەوە و دادوەری بیگرێتەوە كە لە 2008 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هاتە دانان بە مەبەستی رێگرتن لە گەڕانەوەی بەعسییەكان بەتایبەتی پلە باڵاكان، بۆ دەسەڵات، ئەوەیش وەك یاسایەكی شوێنگرەوەی یاسای ریشەكێشكردنی بەعس كە لە دوای 2003 هاتە پێڕەوكردن.

لە عێراق زۆرێك لە یاسا و بڕگەكانی دەستوور لێكدانەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت و بەپێی بەرژەوەندی لایەنی باڵادەستتر بەكار هاتوون، ئەوەی بەو هۆیەی عێراق دەوڵەتیكی ناسیستەماتیك و خاوەن بنیاتێكی دەوڵەتی بەهێز نییە، جیا لە بوونی فڕە مەزەو و نەتەوە و ئاین و ناكۆكی و كێشەی نێوان ئەوانەیش وایان كردووە كە سوود لە یاساكان وەربگرن بۆ سەپاندنی خۆیان لە بەرانبەر یەكتر، وەك چۆن عێراق لە پێش 2003 بە سەردەمی باڵادەستیی سوننە حسێب دەكرا و بۆ كورد و شیعە سەردەمی چەوسانەوە بوو، بۆیە لەدوای 2003 و لاوازبوونی سوننە و بەهێزی كورد و حزبە شیعەكانی نزیك لە ئێران، وایان كرد تا ئێستەیش سوننە وەك تاوانكاری ئەو سەردەم و پاڵپشت لە تیرۆری ئێستە سەیر بكرێن، كە رەنگە شیعە بۆ ململانێ مەزەوی و رێگرتن لە باڵادەستبوونەوەیان و پاراستنی باڵادەستی خۆیان سوود بە چەند یاسایەك وەربگرن، لەوانەیش ریشەكێشكردنی بەعس كە دواتر بۆ لێپرسینەوە و دادوەری هاتە گۆڕین. 

بە بۆچوونی سوننەكان لە دوای 2003ەوە لەلایەن حكوومەتی زۆرینەی شیعەوە بەو ناوەوە فەرامۆش دەكرێن و دوور دەخرێنەوە، بۆیە ئەوان پرسی ریشەكێشكردن و لێپرسینەوە و جێبەجێكردنیان لەسەر ئەوان رەت دەكەنەوە، ئەیاد عەلاوی جێگری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە بە بەردەوام باس لە پێویستی نەهێشتنی ئەو یاسایە دەكات و سەرسوڕمانی خۆی لە بەرانبەر بەردەوامبوون لە جێبەجێكردنی دوای ساڵانێك لە رووخانی رژێمی بەعس پێشان دەدات. 

عەلاوی دووپاتی دەكاتەوە كە ریشەكێشكردنی بەعس رەهەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری نەرێنی هەیە و ستەم لە توێژێكی فرەوانی كۆمەڵگای عێراقی دەكات و بووەتە هۆی قەتیسبوونی هەستی رقی كۆمەڵایەتی و زیانی ئابووری بۆ زۆرێك لە خەڵك، بۆیە یاساكە لەگەڵ دەستووری عێراق ناگونجێت كە دووپات لە رێزگرتن لە ئازادی بیركردنەوە و بۆچوونی تاكەكان دەكاتەوە، هەروەها یاساكە جیاوازی لە نێوان بیرۆكەكانی حزبی بەعس و هەڵسوكەوتی سەركردەكانی نەكردووە. دواتر بۆچی لە عێراق حزبی بەعس ریشەكێش دەكرێت و لە سووریایش هاوپەیمانە.  

لە نیسانی 2017 دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كرد لەبارەی بوونی چەندان كارمەند لەو وەزارتە كە رێوشوێنەكانی دەستەكە دەیانگرێتەوە و ئەوەیش پێویست بە جێبەجێكردنی مادەی 10ی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2018 و دوورخستنەوەیان دەكات و جێبەجێ نەكردنیشی پێشێلكاری یاسایە.  

زۆرێك لە حزب و هێزە سوننەكان و پەرلەمانتارانیان بەمەبەستی سنووردرانان بۆ زیانی یاسای ریشەكێشكردنی بەعس هەوڵی گۆڕینی دۆسیەی ریشەكێشكردنیان لە سیاسییەوە بۆ دادوەری دا، واتە ئەندامانی پێشووی بەعس ئەگەر دۆسیەی تاوانكاری و پێشێلكردنی یاساییان هەبێت، لەلایەن دادگاوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەگەرنا با وەك كەسێكی ئاسایی مامەڵە بكرێن. 

یەكێك لە هەوڵەكان لەبارەوە دانانی "بڕوانامەی رێككەوتننی سیاسی" بوو كە هێزە سیاسییەكان لەكاتی پێكهاتنی حكوومەتی حەیدەر عەبادی لەسەری رێككەوتن و بەڵێنی ئەوەی تیادا بوو بە كاركردنی حكوومەتەكە بۆ گۆڕینی ریشەكێشكردنی بەعس بۆ كارێكی دادوەری نەوەك سیاسی، بەڵام پارتەكانی باڵادەست لە عێراق هەڵوەشاندنەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەریان رەت كردەوە و تا ئێستەیش بۆ مەبەستی سیاسیانە جێبەجێ دەكرێت.

دەستەی نیشتیمانی باڵا بۆ ریشەكێشكردنی بەعس بە یاسایەكی پۆل برێمەر، فەرمانڕەوای مەدەنی ئەمەریكا لە عێراق لە 2003 هاتە دامەزراندن بە مەبەستی نەهێشتنی كاریگەری حزبی بەعس لە عێراق و دوورخستنەوەی سەران و ئەندامانی لە دەسەڵات و هەر پۆست و پایەیەك و سەپاندنی سزای جیاواز بەسەر ئەندامانی ئەو حزبە، بەپێی سەرچاوەكان ژمارەی ئەوانەی یاساكە دەیانگرێتەوە دەگاتە 700 هەزار ئەندام، لەو كاتەی ژمارەی ئەندامانی بەعس بەر لە 2003 چەندان ملیۆن كەس بوو.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل