پەرلەمانتارێك: هەفتەی داهاتوو كابینەی حكوومەتی عەبدولمەهدی تەواو دەبێت

:: PM:07:29:08/11/2018 ‌

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق لەبارەی ئەو هەشت وەزارتەی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی كە بە بەتاڵی ماونەتەوە، پەرلەمانتارێك دەڵێت رێككەوتن كراوە كە هەفتەی داهاتوو كابینەی حكوومەتەكە یەكلا ببێتەوە.

ئەحمەد حەیدەر، ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، دووشەمی هەفتەی داهاتوو دوا  وادەیە بۆ یەكلاكردنەوەی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی كە بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان تا ئێستە تەواو نەكراوە.

زیاتر گوتی، فراكسیۆنە سیاسییەكان لە نێوان خۆیاندا لەسەر زۆرێك لە كاندیدان بۆ ئەو وەزارەتانەی ماون رێككەوتوون و دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەیش هاوپەیمانی فەتح لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە.

لای خۆیەوە عامر فایز سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح دووپاتی كردەوە كە ناكۆكی قووڵ لە نێوان هێزە شیعەكان لە سەر وەزارەتی ناوخۆ و لە نێوان سوننەكانیش لەسەر وەزارەتی بەرگری هەیە و عادل عەبدولمەهدی هەوڵی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی ئەوان لەو بارەوە دەدات.

لەلایەكی تر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەكەوێتە شەموو، دوای ئەوەی دانیشتنی ئەمڕۆ تایبەت بوو بە باسكردنی پرسی مرداربوونەوەی رێژەیەكی زۆری سامانی ماسی لە عێراق.     





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل