پەرلەمانتارێكی پێشوو: وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ پارتی یەكلا بووەتەوە

:: PM:08:18:08/11/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە عێراق دووپاتی كردەوە كە بە رێككەوتن لەگەڵ بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی بەغدا، پۆستی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بۆ پارتی پەكلا بووەتەوە و نەوزاد هادیش وەك كاندیدی پۆستەكە ناوی پێشكەیش كراوە.

ماجید شنگالی، ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە پارتی گفتوگۆی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر و پارتە سیاسییەكان لە بەغدا لەبارەی پۆستی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كردووە، روونی كردەوە، پارتی تەوافوقی كردووە بۆ یەكلابوونەوەی پۆستەكە بۆخۆی و بۆ ئەو مەبەستەیش نەوزاد هادی وەك كاندیدی بۆ پۆستەكە پێشكەیش عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كردووە.

شنگالی روونی كردەوە، پارتی پێوەندی باشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر  هەیە و توانای كۆكردنەوەی پاڵپشتی هەیە زیاتر لە حزبەكانی تری كوردستان هەیە.  

جاسم محەمەد جەعفەر سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنجشەم ئاماژەی كرد، رێككەوتن كراوە بۆ تێپەڕاندنی چوار وەزیر لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و ئەو وەزارەتانەی تەوافوقیان لەبارەوە كراوە بریتین لە داد و بەرگری و خوێندنی باڵا و كۆچ و كۆچبەران كە رەنگە ئەوان بێنە تێپەڕاندن.

دووپاتی كردەوە كە زیاتر لە 170 پەرلەمانتار رێكن لەسەر تێپەڕاندنی كاندیدی ئەو چوار وەزارتە لە دانیشتنی شەمووی داهاتوو، لەو كاتەی ناكۆكی لەسەر وەزارتەكانی تر بەردەوامە. ئەوەیش لەو كاتەی ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان رای گەیاند كە شەموو پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆی ساز دەكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل