دەرکەوتووە ئەو ڕۆتینی
جوانکارییانەی ژنان دەیگرنە بەر دەکرێت کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر ژینگە، بەڵام خۆشبەختانە دەتوانرێت بە جێبەجێکردنی هەنێک خاڵ وا بکەیت زیانەکانی بۆ سەر ژینگە نەمێنێت.
لێرەدا ئاماژە بۆ ئەو ڕۆتینانە دەکەین بوونەتە هۆی پیسکردن و خراپکردنی ژینگە و ڕێگەچارەکانیشیان دەخەینە ڕوو:
1. کات زۆر بەسەر بردن لە گەرماودا/ بەسەربردن و مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گەرماودا وا دەکات ڕێژەیەکی زۆرتر ئاو بەفیڕۆ بچێت، ئەمەیش هۆکارە بۆ کەمی ئاو و مردنی زۆرێک جۆر لە گیانداران لە دنیادا.
2. هەندێک لە ماکیاژەکان لەسەر ئەژەڵان تاقیدەکرێنەوە/ هەندێك جۆری ئەو ماکیاژانەی بە مەبەستی ئارایشتکردن ژنان بەکاری دێنن لەسەر ئاژەڵان تاقیدەکرێنەوە بۆ ئەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ماکیاژەکەیان بۆ دەرکەوێت، بەڵام کۆمەڵگەی هیومانی ئەمەریکایی ڕای گەیاندووە، كه تاقیکردنەوەكان پێویست نین و زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی تاقیکردنەوەیان لەسەر کراوە دواتر دەکوژرێن.
3. ئەو وردە پلاستیکانەی لەناو سابووندا هەیە ماسییەکانی پێ دەمرن/ لە زۆرێک لە سابوونەکان بە مەبەستی لابردنی خانەی مردووی سەر پێست وردە پلاستیک بەکار دەهێنرێت، ئەو وردە پلاستیکەش دواجار دەگەڕێتەوە بۆ زەریا و دەریاچەکان و لەگەڵ ئەو ماددە ژەهراویانەی لەگەڵ خۆیان هەڵیان گرتووە لەلایەن ماسی و گیاندارە ئاوییەکانەوە دەخورێت و دەبێتە هۆی مردنیان.
4. بەکارهێنانی شامپۆی خۆشۆردن/ بەکارهێنانی شامپۆ لەجیاتی سابوون بۆ خۆشۆردن کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ژینگە بەهۆی ئەوەی شامپۆکان بە ڕێژەی %25ى زیاتر لە سابوون کاربۆنی زیان بەخش دەکاتە ژینگەوە لەڕێی ئەو وزەیەی لە بەکارهێنان و پێچانەوەی شامپۆدا بەکار دەهێنرێت.
5. کەلوپەلە جوانکارییەکان پێویستە ڕیسایکڵ بکرێن/ ئەو قوتوو و پاکەتە پلاستیکیانەی لە کەرەستە جوانکاری و جۆرەکانی ماکیاژدا بەکار دەهێندرێت پێویستە لەدوای بەکارهێنانیان لەو جێگانە فڕێ بدرێن کە ڕیسایکڵ دەکرێن، گەر وا نەبێت ڕەوانەی خاشاکگەکان دەکرێن و سەدان ساڵیان پێ دەچێت تا شی دەبنەوە، هەروەها دەتوانی یارمەتی ژینگە بدەیت لە ڕێی ئەو فڵچە و کەرەستانەی لە مادەی دووبارە شیبووەوە دروستکراون، وەک فڵچەی دروستکراو لە بامبۆ.
6. ئەو ماکیاژانە بەکار بهێنە کە پێکهاتەی ئاژەڵیان تێدا نییە/ لە زۆر ماکیاژدا پێکهاتەی ئاژەڵی بەکار دێت لەدوای کوشتن و لەناو بردنی ئاژەڵەکان، بۆیە وا پێویستە ئەو ماکیاژانە بەکار بهێنیت کە لەسەریان نووسراوە "ڕووەکی" واتا لە ڕووەک دروست کراون و پێکهاتەی ئاژەڵییان تێدا بەکار نەهاتووە.
وشە/ محەمەد شابان