چەند کردارێک یان چەند وشەیەک وا دەکات کە ژیانی ھاوسەریت
سەرکەوتوو بێت و خۆشەویستی بەردەوام بێت لە نێوان ھاوسەرەکاندا بە پێچەوانەشەوە چەند وشە و کردارێک وا دەکات کە نێوان ھاوسەرەکان تێک بچێت و زۆر جار ببێتە ھۆی جیا بوونەوە.
چەند نھێنیەک ھەن دەبنە ھۆی سەرکەوتنی ژیانی ھاوسەری وەک:
پیشاندانی سوپاس گوزاری:
گوتن و دەربڕینی سوپاس گوزاری یەکێکە لە نھێنی سەرکەوتنی ژیانی ھاوسەری ، بە گوتنی وشەی سوپاس بۆ ھاوسەرەکەت لە کاتێکدا کە چەند کارێک ئەنجام دەدات وک : کڕینی چەپکە گوڵ، یان کردنەوەی دەرگا لە ھاوسەرەکەت و زۆر شتی تریش .. چەند توێژینەوەیەک کراوه لەسەر ٤٦٨ ھاوسەر لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە دەرکەوتوە کە دەربڕینی سوپاس و پێزانین لە نێوان ھاوسەرەکاندا بووەتە ھۆی ئەوەی کەمتر لە ھاوسەرانی تر تووشی کێشە و فشاری خێزانی دەبنەوە.
داوای لێبووردن:
لە نێوان ھاوسەرەکاندا پێویستە لێبووردەیی ھەبێت و داوای لێبووردن بکەن لە ھەڵە تێ گەیشتنیان لە یەکتری ئەمەیش یەکێکە لە گرنگترین ھۆکارەکانی سەرکەوتنی نێوان ھاوسەرەکان، لەبەر ئەوەی ددان بە ھەڵەدا نان واتای لاوازی ناگەیەنێت بەڵکو ڕێژەی خۆشەویستی دەردەخات و زۆر گرنگە کە ھاوسەرەکان چاوپۆی لە ھەڵەی یەکتر بکەن بۆ بەردەوام بوونی ڕێز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا .
ڕاستگۆیی:
باس کردن لەوەی کە ھەستی پێ دەکەیت بەرامبەر ھاوسەرەکەت بە ڕاستگۆیی وەک : ترس یان ئیرەیی بردن یان ھەست نەکردن بە دڵنیایی ، ئەمەش یارمەتی ئەوە دەدات کە ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە.
زیندوو ھێشتنەوەی یادگاریەکان:
پێویستە ھاوسەرەکان یادگاریەکانی نێوانیان بە زیندوویی بھێڵنەوە کە ژیانی ھاوسەریان لەسەر پێکھێناوە بۆ ئەوەی ڕۆتینی ڕۆژانەی ژیانی پێ بشکێنن و چەند کارێکی چێژبەخش بە یەکەوە ئەنجام بدەن ، وەک گوێ گرتن لە مۆسیقا بەیەکەوە یان سەما کردن یان ئەنجام دانی یارییەک یان ھەر شتێک .
دەربڕینی خۆشەویستی:
دەربڕینی ھەست و خۆشەویستی یەکێکە لە نھێنی سەرکەوتنەکانی نێوان ھاوسەرەکان، بە بەکار ھێنانی چەند ڕێگەیەکی زۆر سادە وەک : بەکارھێنانی چەند وشەیەکی ڕۆمانسی ڕاستگۆیانە، یان چەند وردەکاریەکی بچووک کە مانایەکی گەورە دەبەخشێت لە خۆشەویستی و گرنگی پێدان.