ژماره‌یان زیاتر له ٦٠ كاندیده
كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كانی یه‌كێتی كه ژماره‌یان زیاتر له ٦٠ كه‌سه، ناڕه‌زایه‌تیی به‌رانبه‌ر حزبه‌كه‌یان ده‌رده‌بڕن به‌وه‌ی یاریی به ده‌نگه‌كانیان كراوه و له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وان كه‌سانی تر كراون به په‌رله‌مانتار، هۆشداریش ده‌ده‌ن له به‌جێهێشتن و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له یه‌كێتی.
بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه ٣٠ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه چوو، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ١٠٠ كاندیدی هه‌بوو، به‌ڵام توانی ته‌نیا ٢١ كورسیی په‌رله‌مان به ده‌ست بێنێت، ئێسته ژماره‌یه‌ك له كاندیده‌كانی ئه‌و حزبه كه ده‌رنه‌چوون، رای ده‌گه‌یه‌نن كه به‌ڵگه‌یان هه‌یه ده‌نگی زۆریان هێناوه، به‌ڵام حزبه‌كه‌یان یاریی به چاره‌نووسیان كردووه و ئه‌و كه‌سانه‌یان گه‌یانده په‌رله‌مان كه خۆیان مه‌به‌ستیان بووه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست "وشه"، ئه‌و كاندیده ده‌رنه‌چووانه‌ی یه‌كێتی نامه‌یه‌كی توندیان ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌یان كردووه، تیایدا داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به په‌له و ده‌رخستنی ده‌نگه‌كانیان ده‌كه‌ن و هاوكات ئه‌و به‌ڵگانه‌یش ده‌خه‌نه ڕوو كه خۆیان له‌سه‌ر ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی خۆیان وه‌ریان گرتووه.
له نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یه‌نراوه كه ئه‌گه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی هه‌ڵوێستی ڕوون و ئاشكرای نه‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگه دیارنه‌ماوه‌كانیان، ئه‌وا هه‌ڵوێستیان ده‌بێت تا ئاستی جێهێشتنی ڕیزه‌كانی یه‌كێتی.
هه‌ر له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه، "ئێمه كه ژماره‌یه‌كی زۆرمان كه‌سوكاری شه‌هیده نه‌مر و به‌ناوبانگه‌كانی یه‌كێتین و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی به‌هێزین، هه‌ر به ژماره‌ی كه‌سوكاری ده‌وروبه‌ری خۆماندا ده‌زانین ده‌نگمان له به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی بوونه‌ته په‌رله‌مانتار زیاتر هێناوه، كه‌چی ئه‌وان له په‌رله‌مانن و ئێمه‌یشتان ناردووه‌ته‌وه ماڵه‌وه."
یه‌كێتی ئه‌مه یه‌كه‌مجاری نییه كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كانی په‌نجه‌ی ده‌ستكاریكردنی ده‌نگه‌كانیان ئاراسته بكه‌ن و له هه‌ڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردوویشدا بۆ په‌رله‌مانی عێراق، ژماره‌یه‌ك له كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كانی به‌هه‌مانشێوه ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی له‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان بۆ چه‌ند كاندیدێكی تری یه‌كێتی ده‌ستكاری كراوه.
یه‌كێك له‌و كاندیدانه كه به‌هۆی هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی، پێی باش نه‌بوو ناوی بهێنرێت، ئه‌و به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردن و ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كان، به‌شێكمان له‌وانه‌ی ئێسته ده‌رنه‌چووین، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تییه‌وه ته‌له‌فۆنیان بۆ كراوه و پیرۆزبایی ده‌رچوونیان لێ كراوه، كه‌چی دوای ڕاگه‌یاندنی ته‌واوه‌تی ئه‌نجامه‌كان، هیچ كام له‌وانه نه‌گه‌یشتن به په‌رله‌مان.
زیاتر گوتی، "ئه‌مه سێیه‌م جارمانه ئێمه یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتووشدا كه له كۆتا نامه‌دا ڕامانگه‌یاندووه وه‌ڵامی ته‌واوه‌تیمان نه‌ده‌نه‌وه و له‌گه‌ڵمان دانه‌نیشن بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانمان، ئه‌وا بڕیاری قورس ده‌ده‌ین تا به‌جێهێشتنی ڕیزه‌كانی یه‌كێتی."
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان كه "وشه" له كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كانه‌وه وه‌ریگرتوون، ئه‌و كاندیدانه‌ی له بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د نزیك نه‌بوون، ئه‌گه‌ر ده‌نگی زۆریشیان هێنابێت، نه‌یانتوانیوه ده‌ربچن و ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كانیان كراوه.
كاندیده ده‌رنه‌چووه‌كه‌ی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "یه‌كێتی خۆی به حزبێكی سۆسیال دیموكرات و دیموكراسی ده‌زانێت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن نییه كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك نا‌ئومێد نه‌كات و له پرۆسه‌یه‌كی ته‌واو شه‌رمهێن و نادیموكراسییانه‌دا مافی كاندید و كادره دڵسۆز و خاوه‌ن شه‌هیده‌كانی خۆی پێشێل نه‌كات."
له هه‌ڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ی په‌رله‌مانی عێراقیش، له كه‌ركووك یه‌كێتی یه‌كێك له كاندیده ده‌رچووه‌كانی خۆی به زۆر له په‌رله‌مان كشانده‌وه، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی شوان داودی بباته په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌و كه‌سه‌ی ناچار به‌و كشانه‌وه‌یه كرا سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تیی زۆر، نه‌یتوانی مافی خۆی وه‌ربگرێته‌وه.
سامان گه‌رمیانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌و ئاگاداری هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی له‌و شێوه‌یه نییه و نه‌یبیستووه.
گه‌رمیانی به"وشه"ی راگه‌یاند، "هه‌ر كه‌سێك گومانی هه‌یه یان گله‌یی، ئاساییه. ئه‌وه ده‌نگه‌كان له كۆمیسیۆن و له ده‌زگه‌ی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیش هه‌ن و ده‌توانێ سه‌ردان بكات و دڵنیا بێته‌وه كه هیچ ده‌نگێك ده‌ستكاری نه‌كراوه."
وشه/ سلێمانی- تایبه‌ت