خه‌شته‌ى مووچەی هه‌فته‌ى داهاتوو ئاشكرا كرا

:: AM:11:32:09/11/2018 ‌
دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو مووچه‌ى چەند وەزارەتێك دابەش بكرێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى نۆیى تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ خه‌زێنه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، بڕیار دراوه‌ ڕۆژی یەكشەمى داهاتوو 11ى تشرینى دووه‌م، مووچەی وەزارەتی دارایی دابەش بكرێت.

زیاتر گوتى، هه‌روه‌ها ڕۆژی دووشەم 12ى تشرینى دووه‌م، مووچەی وەزارەتی شەهیدان دابەشدەکرێت، ڕۆژی سێشەم 13ى تشرینى دووه‌م، مووچه‌ى وەزارەتی خوێندنی باڵا و ڕۆژى چوارشه‌م 14ى تشرینى دووه‌م، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابەش دەكریت.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات. مانگانەش ئەمەریكا 24 ملیار دینار راستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.

بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەكات، بەڵام پاشەكەوت تا كۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەشێك لە هێزە تەناهییەكانی نەگرتەوە.


وشە - محەمەد میران