نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی

:: AM:11:46:09/11/2018 ‌
سەره‌ڕای ئەوەی كە لە سەپاندنی قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران نزیك دەكەوینەوە، كەچی نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین كردووە و لە پێنجه‌مین ڕۆژی هەفتەی بازاڕی بۆڕسە دیسان دابەزینی تۆمار كرد و گەیشتە نزمترین ئاست كە لە ماوەی 70 ڕۆژی رابردوودا تۆمار كرابێت.

لە 24 سەعاتی رابردوودا بەرزترین نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بووە لە نزیكەی 72 دۆلار، بەڵام ئێستە هەر بەرمیلێك بە 70 دۆلار و 30 سەنت دەفرۆشرێت. 

سەرەتای ئەم مانگە نرخی نەوت تا 87 دۆلاریش هەڵكشا و ئەمەش دەری دەخات لە ماوەی مانگێكدا 15 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزیوە.

بەگوێرەی "DAILYFX" نرخی نەوتی ئەمەریكیش تا 60 دۆلار و 21 سەنت دابەزی كە نزمترین نرخی ئەو جۆرە نەوتەیە كە لە 70 مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت.

ئۆپێك لە ماوەی رابردوودا هەناردەی نەوتەكەی بەرز كردووەتەوە و بە پاڵپشتی سعوودیە نیگەرانییەكانی ئەمەریكا بۆ بەرزبوونەوەی نەوتیان رەواندووەتەوە.

ئه‌گه‌ر چى پێشبینی دەكرا لەگەڵ رێگرتن لە هەناردەی نەوتی ئێران كە لە چواری تشرینی دووەم دەست پێ كرد، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، به‌ڵام زیاتر دابه‌زى.

نەوت لەو بەرهەمە گرنگانەیە كە ڕووداوەكانی دنیا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دادەنێت و هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەك لە بەرهەمهێنان ئەوا كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی نەوت دەبێت.


وشە - محەمەد میران