پێنجوێن.. داواى كردنه‌وه‌ى كارگه‌ ده‌كرێت

سه‌ربارى بوونى به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌ جیاوازه‌كانى وه‌رزه‌كانى ساڵ و ئاژه‌ڵێكى زۆر، تا ئێسته‌ هیچ كارگه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن بوونى نییه‌ و به‌گوته‌ى پارێزگارى سلێمانیش، به‌ڵێنیان پێدراوه‌، له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا، له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكى ئه‌وروپیه‌وه‌ له‌سنوورى  پارێزگاكه‌ و پێنجوێن، چه‌ند كارگه‌یه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر به‌ به‌كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵدارى بكرێته‌وه‌.

حه‌سه‌ن كه‌ریم، یه‌كێك له‌جووتیارانى پێنجوێن، به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، وه‌ك ئاشكرایه‌ ناوچه‌ى پێنجوێن، خاوه‌نى ژماره‌یه‌كى زۆر به‌رهه‌مى جیاوازى كشتوكاڵى و ئاژه‌ڵه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێسته‌ نه‌توانراوه‌ سودیان لێوه‌ربگیرێت و ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام جێى نیگه‌رانیمانه‌.

ڕاشی گه‌یاند، به‌رده‌وام داواى كردنه‌وه‌ى كارگه‌ى گه‌وره‌مان كردووه‌، بۆ گرنگیدانى زیاتر به‌ به‌رهه‌مى كشتوكاڵى جیاوازى وه‌رزه‌كانى ساڵ و به‌رهه‌مى شیره‌مه‌نى ئاژه‌ڵه‌كانمان.

لایخۆشیه‌وه‌، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی، بۆ "وشه‌"، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ باڵوێزی ڕۆمانیا و چه‌ند وڵاتێكى تری ئه‌وروپى، گفتوگۆمان كردووه‌ و ئه‌وان پێشنیازیان بۆ كردووین، كه‌ له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی چه‌ند كارگه‌یه‌كی شیره‌مه‌نی و خوارده‌مه‌نی و خانووی پلاستیكی له‌سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆكه‌ى پێنجوێن، په‌ره‌ى زیاتر به‌كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵدارى بده‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، "له‌دواین سه‌ردانماندا بۆ شارۆكه‌ى پێنجوێن، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئیدارى سنووره‌كه‌ باسمان له‌ كێشه‌ و داخوازى و پێداویستى و نیگه‌رانى جووتیارانمان كردووه‌ و ئه‌وه‌ى به‌ ئێمه‌ بكرێت بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى نیگه‌رانى و جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانى سێكته‌رى كشتوكاڵى ئه‌نجامى ده‌ده‌ین".

به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى شوێنه‌یه‌كه‌وه‌، شارۆكه‌ى پێنجوێن خاوه‌نى زه‌وى و كه‌شوهه‌وایه‌كى له‌باره‌ بۆ زۆربه‌ى به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیه‌كان و به‌ كردنه‌وه‌ى چه‌ند كارگه‌یه‌كیش ده‌توانرێت به‌شى ناوخۆیی پێداویستى بازاڕ دابینبكرێت و چیتر پێویست به‌هاورده‌كردنى به‌رهه‌مى ده‌ره‌كى وڵاتانى نه‌كرێت.

پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى 


وشە - محەمەد میران


PM:12:06:09/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌