پڕۆژە ئاشتەوایییەكەی حەكیم لە لووتكەی عەرەبی دەخرێتە روو

:: PM:03:35:19/12/2016 ‌

ئەمڕۆ دووشەم لە دانیشتنێكی داخراو لە نێوان سەرانی سوننەی عێراق لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن لە عەمان، باسی دۆخی عێراق بەگشتی و پڕۆژەی یەكلاكردنەوەی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) كراوە و رێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) بۆ قۆناغی دوای داعش لە كۆبوونەوەی داهاتووی لووتكەی عەرەبیدا بخرێتە روو.

حەوتی ئەم مانگە عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق سەردانی هەریەك لە ئوردن و ئێرانی كرد و پرسی پڕۆژەكەی بۆ قۆناغی دوای داعش لەگەڵ ئەو وڵاتانە تاوتوێ كرد، حەكیم لە ئوردن چاوی بە شای ئوردن و سەرۆك وەزیرانی و سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كەوت و داوای پاڵپشتی لێ كردن بۆ سەرخستنی و رازیكردنی نەیارانی سوننەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بۆ بەشداریكردن تیایدا.

عەماڕ حەكیم لە تشرینی یەكەمی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چیای زەرتك، بوونی پڕۆژەیەكی یەكلاكردنەوەی سیاسی لای هاوپەیمانیەكەی بۆ قۆناغی دوای داعش لە عێراق راگەیاند.

بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كە هەریەك لە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ساڵح موتڵەگ سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبییە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی موتەحیدوون و شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردنی گرتەوە، شای ئوردن هەوڵی داوە كە سەرانی سوننەی عێراق دان بەو پڕۆژە بنێن و قبووڵی بكەن.

زیاتر گوتی، شا عەبدوڵا هەوڵی رازیكردنی ئەوان بە پڕۆژەكە دەدات بە مەبەستی خستنەڕووی لە كارەكانی لووتكەی داهاتووی عەرەبی كە بڕیارە لە مانگی ئاداری داهاتوو لە عەمانی پایەتەختی ئوردن بەڕێوە بچێت.

پڕۆژەی ئاشتەوایی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) كە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكانە و زۆرێك لە پێكهاتەكانی عێراق لە ناوەوە و دەرەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەگرێتەوە، تا ئێستە نەیتوانیوە متمانەی هێزە سیاسییەكانی عێراق لە سوننە و كورد و تەنانەت لە ناو خودی هاوپەیمانی نیشتمانیش بەدەست بێنێت.   

سەرچاوە: غەد پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل