پارتی یاسای چاكسازی خانەنشینی لە پەرلەمانی نوێ تێدەپەڕێنێ


دوای سوێندخواردنی ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان، هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت. ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە دەڵێ، سەردانی هەموو لایەك دەكەین بەڵام مەرج نییە هەمووان بەشداربن لە حكوومەت، پارتیش پشكی خۆی نادات بە هیچ لایەنێك.

دوێنێ سێشەم ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاساییان خوارد، دانیشتنی پەرلەمانیش بە كراوەیی هێڵرایەوە تا رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

هێزە سیاسییەكان چاوەڕوانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن تا سەردانیان بكات و پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ تاوتوێ بكەن. پارتیش چاوەڕوانی بارزانی دەكات.

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای دەكات كە بەرنامەی گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئامادە كردووە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی بارزانی دەكەن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی.

بەگوتەی ئەو "لەو كۆبوونەوەیەدا هەم كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەستنیشان بكرێت، هەم شاندی دانوستانكار دەستنیشان بكرێن كە كاندیدی پارتی دەبێتە سەرۆكی شاندەكە".

ئاراس حەسۆ میرخان بە"وشە" دەڵێ، بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

"شاندی پارتی سەردانی هەموو هێزە سیاسییەكان دەكات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە هەموو لایەنەكان بەشدار بكرێن لە پێكهێنانی حكوومەت، چونكە پارتی نایەوێ ئەزموونی كابینەی بنكەفراوان دووبارە بكاتەوە". ئاراس وای گوت. ئەوەشی خستە ڕوو كە لە كابینەی داهاتوودا دەستووری هەرێمی كوردستان ئەولەویەت دەبێت، بەشێكە لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دەبێ تێپەڕێنرێت، جگە لەمە، یاسای چاكسازی كە لە خولی رابردوو بەهۆی هەمواركردنەوەی تێنەپەڕێنرا، وەك خۆی رەوانەی پەرلەمان دەكرێتەوە.

زیاتر گوتی "بەڵام دەستكاری دەرماڵەی فەرمانبەران ناكرێت وەك لە خولی پێشتر ئەوە كرایە بیانوو، بە پێچەوانەوە كار دەكەین بۆ هەڵگرتنی پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران".

هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ سێشەم شەشی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، پارتی بە تەوازوعەوە بێ غرووری سیاسی، بە 45 كورسییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكات و هێڵی سووری لەسەر هیچ هێزێك نییە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە "غەدر لە 45 كورسییەكەی پارتی بكەن".

لەو رووەوە، ئاراس حەسۆ میرخان روونكردنەوەی زیاتر دەدات كە پارتی كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوبەش دەكات، بەڵام وەك ئەو گوتی "بەپێی شایستەی كورسیی هەر لایەنێك، ئێمە لە پشكی خۆمان لە حكوومەت نادەین بە هیچ لایەنێك"، وەك ئاماژەیەك بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پارتی ئامادەیە لە حكوومەت هاوبەشی بكات، بەڵام هەر لایەنێك بە قەبارەی كورسییەكانی لە حكوومەت دەبێت.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی رەتی كردەوە بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكوومەتدا یەكلا كرابێتەوە و دڵنیایی دا "بەشداریی هیچ لایەنێك یەكلا نەبووەتەوە، ئەو پرسە دەكەوێتە سەر گفتوگۆی شاندی دانوستانكاری پارتی بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەیەتی بۆ كابینەی نوێی حكوومەت".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی رابردوو ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی كۆتایی، پارتی 45 كورسی و یەكێتی 21 كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.



وشە - فه‌رمان سادق


AM:08:48:10/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 2673 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌