هەرێمی كوردستان.. لەكاتی یاریی تۆپی پێ‌ یاریزانێك گیانی لە دەست دا

:: AM:09:04:10/11/2018 ‌
لە كاتی ئەنجامدانی یاریی تۆپی پێ‌ یاریزانێك بەردەبێتەوە و گیان لە دەست دەدات، پۆلیسیش ئاشكرای كردووە بەهۆی جەڵتە بووە ئەو یاریزانە مردووە.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو هاووڵاتییەکە کە لە دایكبووی ساڵی ١٩٦٣ە، هێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاكەوتی شەهید هەژار و بە گوتەی كەسوكارەكەی لە كاتی یاریی تۆپی پێدا كەوتووە و گیانی لە دەست داوە.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، ئەو هاووڵاتییە دانیشتووی گوندی ساڵح ئاغایە و فەرمانبەرە لە فەرمانگەی خانەنشینی كەلار.
 
پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی داوە، پزیشكەكان ڕایان گەیاندووە ئەو كەسە بەهۆی جەڵتەی كتوپڕەوە گیانی لە دەست داوە.

یاریگە بچووككراوەكان لە هەرێمی كوردستان ئێستە بوونەتە شوێنی یاریكردنی هەموو ئاست و تەمەنێك بۆیە زۆرجار بەهۆی ماندووبوونێكی زۆری یاریزان ڕووداو گیان لە دەستدان تۆمار دەكرێت. ساڵی ڕابردووش دوو ڕووداوی هەڵگەڕانەوەی زمان و گیان لە دەستدان لە هەرێمی كوردستان هەبوو.
 



وشە - رامیار جەواد