كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوو دوای 9 ساڵ ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جیهێشت و بەگرێبەستێك كە زیاتر بوو لە 100 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە كرد.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی یۆڤێنتۆس پەیوەندییەكانی رۆناڵدۆی لەگەڵ سەرجەم یاریزانەكانی تیپەكەی ئاشكرا كرد.
دیبالا رایگەیاند: سەرەتا هەموومان دەمانویست بزانین هەڵسوكەوتی رۆناڵدۆ لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان چۆنە، چونكە لەناو یاریگە شارەزای كەسایەتی ببووین كە كەسێكی پیشەگەر و بێدەنگە.
زیاتر گوتی: بەڕاستی لە یەكەم دەركەوتنیدا لەگەڵ ئێمە لە یانەی یۆڤێنتۆس هەموومانی سەرسام كرد، چونكە ئەو كەسێكی تابڵێی سادەیە و پەیوەندیشی لەگەڵ سەرجەم یاریزانەكان باشە.
دیبالا هەروەها گوتی: راستییەكەی خۆم هیوام دەخواست رۆناڵدۆ هەر بەمشێوەیە بێت، پێموابێ من یەكەم كەس بووم وێنەم لەگەڵ ئەو گرت.
لە كۆتاییدا ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە رایگەیاند: رۆناڵدۆ خاوەن جەستەیەكی بەهێز و گۆڵكارێكی بەتوانایە، لەبیرمە لە یەكەم یەكەی مەشق و راهێنانەكاندا بەیەكەوە لە تیپێك دابەشكراین و سەركەوتنێكی گەورەشمان بەدەستهێنا.