لە سلێمانی بەشێك لە قوتابخانەکان داوای نەوت لە خوێندكاران دەکەن

:: PM:01:48:10/11/2018 ‌

لە چەند گەڕەكێكی سلێمانی بەشێك لە خوێندنگەكان داوایان لە خوێندكاران كردووە یان دەبەیەك نەوت بهێنن یان لە باتی پارە بهێنن، بەرپرسێكی پەروەردەش رەتی دەكاتەوە داوای ئەوان بێت و دەڵێت: "هیچیان لەو رووەوە پێ نەگەیشتووە".

فەتاح عەبدولڕەزاق باوكی خوێندكارێك لە گەڕەكی قولە رەیسی شاری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند "لەم رۆژانەی رابردوودا بە كوڕەكەمیان گوتووە یان دەبەیەك نەوتی 20 لیتری بهێنە یان پارە بهێنە ئەگەر نەوتتان نییە".

فەتاح روونی كردەوە: "ئێمە خۆمان لە ماڵەوە نەوت بە دەبە دەكڕین و نەوتمان وەرنەگرتووە، بەچی نەوت بۆ خوێندنگە بنێرم".

لە بەرانبەردا مەریوان عومەر بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رەتی كردەوە كە پەروەردە داوای لەو جۆرەی كردبێت یان بە ئاگاداری ئەوان كرابێت.

ئەو گوتی: "تا ئێستە هیچ سكاڵایەكی لەو جۆرەمان بۆ نەهاتووە كە باس لەوە بكات داوای نەوت لە خوێندكاران كرابێت".

مەریوان عومەر رای گەیاند: ئەوان داوای دابینكردنی نەوتیان بۆ خوێندنگەكان كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ وەرزی بارانبارین زووتر دەستی پێ كرد و سەرما زووتر هات، بەشێكی خوێندنگەكان بەبێ سووتەمەنی ماونەتەوە و لە هەوڵی چارەسەركردنیدان.

سلێمانی ـ/هەستیار



وشە - سلێمان تاشان