"پڕۆژە بودجەی عێراق ئەوەندەی پڕۆژەیەكی سیاسییە دژی كورد ئابووری نییە"

:: PM:03:07:10/11/2018 ‌

ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، بودجە هەمیشە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە وەك فشارێك بەكار هاتووە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و هەمیشە پڕۆژە یاسایەكی سیاسی بووە نەك پڕۆژەیەكی ئابووری و بۆ خزمەتی هاووڵاتییان. ئەندامێكی خولی ئێستەش دەڵێت، هەموو تێبینییەكانمان لەسەر بودجە داوەتە لیژنەی هاوبەشی پەرلەمان و حكوومەت و بە هەند وەرگیراون و جێبەجێ دەكرێن.

عەبدولقادر محەمەد ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی خولەكانی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە بۆ بودجە دیاری كراون، هەمیشە پڕۆژە یاسایەك بوون زیاتر سیاسی نەك ئابووری، هەمیشەش دژی كورد و كوردستان دانراون.

ئەوەشی گوت، ئەو كێشانەی نێوان هەردوولا هەن بەردەوامییان هەیە، نیازەكان لە هەردوولا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بیانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوەش هۆكار بووە كە بودجە لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە وەك ڕێگرییەك و تۆڵەكردنەوە بەرانبەر كورد دابنرێت، ئەوەش كارێكی ناڕەوایە.

هاوكات محەمەد ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجە كە هاتە پەرلەمان، گفتوگۆی لەسەر كرا، لیژنەیەك لە حكوومەت و پەرلەمان پێكهات بە هاوبەشی، بۆ ئەوەی تێبینییەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی تر جێی بۆ بكرێتەوە لە پڕۆژە یاساكە.

ئەوەشی گوت، تا تێبینی لایەنە كوردییەكان و لایەنەكانی تر لە پڕۆژەكە جێبەجێ نەكرێت، جارێكی تر گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بە یەك دەنگ دژی ئەو پڕۆژەیە بووین و بە رژدی داواكاریمان پێشكەش كردووە و هەڵوێستمان هەبووە لەسەر خراپی پڕۆژە یاساكە و پشكی كورد.

ئەو گوتی، تێبینی خۆمان داوە بە لیژنەكە و نوێنەریشمان دەبێت لەو لیژنەی پەرلەمان و حكوومەت،  ئومێدمان هەیە تێبینییەكانمان بە هەند وەربگیرێت و كێشەكە چارەسەر بكرێت.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان