ئەمڕۆ لە گوندێكی سەربەشارەدێی زینانەی سەربە شارۆكەی كفری، لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو، جووتیارێك بریندار بوو و ئۆتۆمبێلەكەشی سووتا.
سەرچاوەیەكی پۆلیسی شارەدێی زینانە تایبەت بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو 10ی تشرینی دووەمی 2018 لە گوندی قەڵای سەربەشارەدێی زینانە، بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی جووتیارێكدا تەقییەوە و بەو هۆیەوە جووتیارەكە كە بە نەتەوە كوردە و ناوی "هێمن عەلی"یە، بریندار بوو و ئۆتۆمبێلەكەشی سووتا.
ئەو گوتی، ناوچەكە پێشتر داعشی لێ بووە، هاوكات ماوەیەكیش شوێنی خۆحەشاردانی چەكدارانی ئاڵا سپییەكان بووە، بۆیە پاشماوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەیە.
هاوكات جەمال ساڵح بەڕێوەبەری شارەدێی زینانە تەواوی زانیارییەكانی بۆ "وشە" پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند، لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە و جووتیارە بریندارەكە كە بە نەتەوە كوردە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
ئەو روونی كردەوە، ئەو سنوورە هاوسنووری شوێنی خۆحەشاردانی گرووپە تیرۆریستییەكان بووە.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی