لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ 11ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 1918 جەنگی جیهانی دووەم وەستا، ئەوەیش دوای رێككەوتنی هاوپەیمانان و ئەڵمانیا لەسەر وەستاندنی جەنگەكە. ساڵانە وڵاتانی جیهانی یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە، ئەمساڵیش كە یادەكە لە فڕەنسا دەكرێتەوە بە بەشداری سەرانی 70 دەوڵەتی جیهانی لە ژێر ناوی كۆنگرەی پاریس بۆ ئاشتەوایی ئەمڕۆ لە شەقامی شانزێ لیزێ لە پاریس لەسەر گڵكۆی سەربازی ون و تابلۆی سەركەوتن، بەڕێوە دەچێت و تا سێشەمی داهاتوو 14ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
ساڵانە یادی
جەنگی جیهانی یەكەم دەكرێتەوە، بەڵام ئەوەی ساڵیادی ئەمجارە لە هی ساڵانی رابردوو جیا دەكاتەوە، لێدوان و هەڕەشەی سەرانی جیهانییە، لەوانە لێدوانی سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی پێكهێنانی سوپای ئەوروپی كە سەرۆكی فڕەنسا داوای كردووە، پرسی جەنگی بازرگانی لەنێوان چین و ئەمەریكا، پرسی باجی ئەمەریكا لەسەر كاڵاكانی ئەوروپی كە یەكێكی تر دەبێت لە دۆسیەكان پەراوێزی یادكردنەوەكە.
فڕەنسا، كە ساڵانە پێشوازی لەو یادە دەكات، بەتایبەت لە ناوچەی ریتوند كە تێیدا رێككەوتننامەی كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی تێدا واژوو كرا، ئەمساڵ پێش ئەو یاد كردنەوەیە، سەرۆكەكەی لە هەوڵێكی تیرۆری رزگار بووە.
یادكردنەوەی كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم كە لە 11ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 1918 لەناو فارگۆنێكی شەمەندەفەر واژوو كرا، كە لەو جەنگەدا 18 ملیۆن مرۆڤ كوژراوە.
لە یادكردنەوەی ئەمجارەدا بۆ یەكەمجارە لە ساڵی 1945ەوە تا ئێستە، سەرۆكی فڕەنسا و راوێژكاری ئەڵمانیا لە ناو هەمان فارگۆنی شەمەندەفەرەكە چاویان بە یەكتری نەكەوتووە، بەڵام بڕیارە لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی ئەمساڵدا بەپێیی بەیاننامەی كۆشكی ئەلیزێ، ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لەوێ یەكتر ببینن و تاجە گوڵینە دانێن و پەردەش لەسەر پەیكەرێك لابدەن.
بەگوێرەی سەرچاوە تەناهییەكان، ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكە گەنجەكەی فڕەنسا
پلانی تیرۆركردنی لەلایەن چەند كەسێكەوە بۆ داڕێژرا بوو كە لە كاتی یادكردنەوەی 100 ساڵەی ساڵیادی كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، تیرۆر بكرێت.
پلانداڕێژەرانی تیرۆركردنی ماكڕون، دوای گرتنیان دانیان بەوە دانا كە پلانیان هەبووە بۆ كوشتنی ماكڕۆن بە چەكی سپی، جان بییری تەمەن 62 ساڵان كە پێشتر كەسێكی بازرگان بووە، دانی بەوەدا نا كە پلانی كوشتنی ماكڕۆنیان هەبووە، هێزە تەناهییەكانیش لەناو ئۆپۆمبێلەكەی چەند پارچە چەكێكیان دۆزیەوە.
ماكڕۆن داوای سوپایەكی سەربەخۆ بۆ ئەوروپا دەكات
سەرۆكی فڕەنسا پێش ساڵیادی جەنگی جیهانی یەكەم، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كرد كە جووڵە بكەن بۆ پێكهێنانی سوپایەكی ئەوروپی یەكگرتوو. داواكەی سەرۆكی فڕەنسا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە هیچ كەسێك ناتوانێت وەك ئەوروپییەكان، وڵاتانی ئەوروپی لە مەترسییەكان بپارێزێت، ئەوەشی خستەڕوو ناكرێت هەمیشە پشت بە ئەمەریكا ببەستین.
زیاتر گوتی، "پێویستە وڵاتانی ئەوروپی سوپایەكی راستەقینەیان هەبێت بۆ بەرگریكردن لە كیشوەری ئەوروپا بەشێوەیەكی باشتر، چونكە ناكرێت بە بەرگری لە ئەوروپا بكرێت ئەگەر خاوەن سوپایەكی حەقیقی نەبێت". ئاماژەی كرد، "پێویستە خۆمان لە چین و رووسیا و تەنانەت ئەمەریكایش بپارێزین".
ترەمپ.. ئەوە سووكایەتییە
ئەگەرچی پێش گەیشتنی بە فڕەنسا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی پێكهێنانی سوپایەكی ئەوروپی رای گەیاند كە ئەمەریكا هەست بە سووكایەتی دەكات لەو پێشنیازەی سەرۆكی فڕەنسا لە بارەی پێكهێنانی سوپایەكی تایبەت بە ئەوروپا، پێویستە سەرەتا ئەوروپا خەرجییەكانی دەكەوێتە سەرشانی لە ناتۆ دابینی بكات كە بەشی زۆری خەرجییەكان لەسەر شانی ئەمەریكایە، ئینجا با قسە لەسەر سوپایەكی ئەوروپی بكەن.
ترەمپ و ماكڕۆن دۆخەكە هێور دەكەنەوە
دوای گەیشتنی بە فڕەنسا و پێشوازیكردنی لەلایەن
ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا، دۆناڵد ترەمپ لە بارەی لێدوانەكەی ناو فڕۆكە، رای گەیاند كە ئەمەریكا دەیەوێت ئەوروپا بەهێز بێت و ئامادەیە هاوكاریشی بكات، بەڵام با ئەوروپا دادوەرانە مامەڵە بكات لەو كاتەی قسە دێتە سەر خەرجییەكانی ناتۆ كە بەشی هەرە زۆری لەسەر شانی ئەمەریكایە. زیاتر گوتی، "بەهێزبوونی ئەوروپا بۆ ئێمە گرنگە، هەر رێگەیەك گونجاو بێت ئەوە دەیگرینەبەر".
لەبارەی خەرجییەكانی ناتۆ، ماكڕۆن هاوڕا بوو لەگەڵ ترەمپ و گوتی، "دەڵێم پێشنیازەكانی من وابزانم و گوونجاو بوو لەگەڵ لێدوانەكەی ترەمپ"، زیاتر گوتی، "لە كۆبوونەوە یەك سەعاتییەكەدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا، تاوتوێی پرسی ئێران و سووریا و یەمەن و گۆڕانكارییە ژینگەییەكان و بازرگانی دەكەین".
پووتین.. بەشدار دەبێت
دمیتری پیسكۆڤ، گوتەبێژی سەرۆكایەتی رووسیا رای گەیاند كە
ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا بەشداری كۆنگرەی ساڵانەی ساڵیادی وەستاندنی جەنگی جیهانی یەكەم دەكات. گوتەبێژی سەرۆكایەتی رووسیا ئەوەیشی خستەڕوو، پوتین لە پاریس چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەكەوێت، بەڵام دیداری فراوانی نێوان هەردوو سەركردە لە لووتكەی وڵاتانی 20 دەبێت لە ئەرژەنتین كە بەمنزیكانە دەبەسترێت. ئاماژەی كرد، رەنگە لە پاریس قسە لەسەر هێڵە گشتییەكانی دیدارە درێژەكە بكرێت لە ئەرژەنتین".
بەڵام ترەمپ رای گەیاند دڵنیا نییە لە پاریس چاوی بە پووتین بكەوێت بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆكی
فڕەنسا رای گەیاند بە پێی
پڕۆتۆكۆڵی ساڵیادەكە رێگە بەهیچ دیدارێكی پەراوێز نادات، رەنگە ئەو پڕۆتۆكۆڵە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەگەری دیداری نێوان زۆرێك لە سەركردەكانی دنیا، لەوانە دیداری پووتین لەگەڵ بنیامین ناتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیڵ، دیداری ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كە بەشداری لەو یادە دەكات.
چین .. بە هەر نرخێك بێت بەرگری لە خۆمان دەكەین
وی فینگ، وەزیری بەرگری چین رای گەیاند وڵاتەكەی بە هەر نرخێك بێت بەرگری لە یەكێتی خاكی چین و سەلامەتی هەرێمایەتی خۆی دەكات. لێدوانەكەی وەزیری بەرگری چین دوای دیداری دێت لەگەڵ جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا، ئەمەیش لە كاتێكدایە جەنگێكی بازرگانی سەخت لەنێوان ئەمەریكا و چین دژ بە یەكتری لە ئارادایە.
وەزیری بەرگری چین، بەتوندی هەڕەشەی كرد كە سوپای چینی رەتی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانج لێی دابەشكردنی خاكی چین بێت، بەهیچ شێوەیەكیش دەستبەرداری سەلامەتی خاكی خۆی نابێت. كۆبوونەوەی هەردوو وەزیری بەرگری ئەمەریكا و چین لە واشنتن لە بارەی دەریای باشووری چین و كێشەی تایوان و دۆخی نیمچە دوورگەی كوریا بوو.
بەرپرسانی
چین لە كۆبوونەوەكە توڕەیی خۆیان نەشاردەوە لە بارەی كەشتییە تێكشكێنەرەكەی ئەمەریكا كە نزیك بووەتەوە لە دەریای باشووری چین كە چین سەروەری بەسەرەوە هەیە، رای گەیاند ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەری خاكی چین، بۆ ئەو مەبەستەیش چین كەشتیەكی جەنگی خۆی رەوانەی ناوچەكە كردووە بۆ ئاگاداركردنەوەی كەشتییە ئەمەریكییەكە بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكات.