ئەردۆغان هەموو شتێكی ئاشكرا كرد.. خاشقجی چارەنووسی ماڵباتی پاشایەتی بەرەو كوێ دەبات؟

:: PM:09:40:10/11/2018 ‌
 دوای ئەوەی سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە بەڵگەی دەنگیان بە چەند وڵاتێك داوە لەسەر چۆنیەتی كوشتنی خاشقجی، كۆنگرێسی ئەمەریكا تاوتوێی سزادانی سعوودیە دەكات. ترەمپ و ماكڕۆنیش وێڕای دووپاتكردنەوە لە هێشتنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەوەی روویداوە جێگەی قبووڵكردن نییە.

دوای 42 رۆژ لە كوژرانی جەمال خاشقجین نووسەر و رۆژنامەنووسی سعوودی لەناو كونسڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ و تۆمەتباركردنی 18 كەس بە تێوەگلان لە كوشتنەكەی لەلایەن لیژنەی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی عەرەبستانی سعوودی و گرتنیان، ئەمڕۆ شەموو 10ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پێش گەشتكردنی بۆ فڕەنسا و بەشداریكردن لە 100 ساڵەی ساڵیادی وەستانی جەنگی جیهانی یەكەم، رای گەیاند كە وڵاتەكە بەڵگەی تۆماری دەنگی چۆنیەتی كوژرانی جەمال خاشقجی بە سعوودیە و وڵاتانی ئەمەریكا، ئەڵمانیا، فڕەنسا و بەریتانیا داوە و پێویست بە سستی لە لێكۆڵینەوەكان ناكات.

ئەردۆغان لە كاتی پێشكەشكردنی بەرنامەیەك لە كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی بە بۆنەی 80 ساڵەی مردنی مستەفا كەمال ئەتاتورك، دامەزرێنەری دەوڵەتی توركیا گوتی، "پێویستە سعوودیە بە دادگەرانە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە مامەڵە بكات و خۆی لەو گومانە رزگار بكات، ئەگەرنا  ئەو دۆسیە هەمیشە لەسەر ئەو وڵاتە دەمێنێتەوە".

لەبارەی تەرمی خاشقجی كە تیمێكی توركی ماوەیەكی زۆر بەدوایدا گەڕان، سەرۆكی توركیا روونی كردەوە كە هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر شوێنی تەرمەكەی خاشقجی نییە، ئاماژە كرد، "بەڵام تیمی بكوژی خاشقجی بە باشی دەزانن كێ بڕیاری كوشتنەكەی داوە و تەرمەكەیش لە كوێیە، عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە پێی گوتین كە تەرمەكەیان بە لایەنێكی لۆكاڵی داوە لە توركیا، بەڵام ئێستە رەتی دەكەنەوە".

ئاشكراكردنی بەڵگەی دەنگی لە بارەی كوژرانی خاشقجی لەكاتێكدایە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی ئەلیزێ لە پاریس بە بۆنەی 100 ساڵەی وەستانی جەنگی جیهانی یەكەم، تاوتوێی پرسی بەڵگەنامەكەی توركیایان كرد.

هەردوو سەرۆك پێداگیری لەسەر زانیاری زیاتر دەكەن لەسەر كوژرانی خاشقجی، بە مەرجێك كاریگەری بەسەر پێوەندییەكانیان نەبێت لەگەڵ سعوودیە، هەروەك لە بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو سەرۆك كە دوای كۆبوونەوەیان پێوەند بەو دۆسیەیە ئاماژەی پێدرا بوو.

گوتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی فڕەنسا رای گەیاند هەردوو سەرۆك دووپات لەوە دەكەنەوە كە پرسێكی زۆر نوێ هاتووەتە پێشەوە و كوشتنی خاشقجی "قبووڵكراو نییە".

زیاتر گوتی، "ئەمەریكا، عەرەبستانی سعوودیە وەك بەردێكی جێگیری زاویەك لە تابلۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت لە هەموو پرسێك، واشنتن دەیەوێت پارێزگاری لە پێوەندییەكان لەگەڵ بنەماڵەی پادشایەتی بپارێزێت، هەردوو سەرۆكی فڕەنسا و ئەمەریكایش كۆك بوون لەسەر ئەوەی دۆسیەی كوژرانی خاشقجی پرسێكی ناوخۆی سعوودیەیە".

قسەكانی هەردوو سەرۆك لە كاتێكدایە میر توركی فەیسەڵ، باڵوێزی پێشتری سعوودیە لە واشنتن و لەندەن، سەرۆكی پێشووتری دەزگای هەواڵگری، رای گەیاند وڵاتەكەی رێگە بە هیچ لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی نادات لەسەر ئەو پرسە و رێگەیش نادات محەمەد بن سەلمان جێنشینی بە دۆسیەی كوژرانی خاشقجی تۆمەتبار بكرێت.

میر توركی فەیسەڵ لەكاتی قسەكردنیدا لە كۆنگرەی پەیمانگەی ئاشتەوایی نێودەوڵەتی لە نیویۆڕك ئاماژەی بەوە دا سعوودیە بەهیچ دادگایەكی نێودەوڵەتی رازی نییە لەو دۆسیەیە بكۆڵێتەوە، ریاز شانازی بە سیستەمی دادوەری خۆی دەكات و لێكۆڵینەوەكانیش رێچكەی خۆیان گرتووە، گوتی "عەرەبستانی سعوودیە رێگە بە دەستوەردانی دەرەكی لە سیستەمی دادوەری خۆی نادات".

پێوەند بە تۆمەتباركردنی میر محەمەد بن سەلمان جێنشین، میر توركی رەخنەی توندی لە میدیای نێودەوڵەتی گرت بەوەی "دادگەرانە" لەگەڵ دۆسیەكە مامەڵەیان نەكردووە و هەمیشە تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ جێنشین كە ئەو لە پشت رووداوەكەیە، گوتی "عەرەبستانی سعوودیە هیچ زانیارییەكی پێوەند بە دۆسیەی خاشقجی نەشاردووەتەوە، هەروەك لە دۆسیەكانی تریش نەیشاردووەتەوە، چاوەڕێش دەكەم وڵاتەكەم پابەندی بەڵێنی خۆی بێت لە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە و خستنەڕووی هەموو زانیارییەك تا وەڵامی هەموو پرسیارەكانی پێوەندار بەو پرسە بداتەوە".
 زیاتر گوتی، "ناكرێت لەسەر بنەمای لێكدانەوە جێنشین تۆمەتبار بكرێت كاتێك هیچ بەڵگەیەك نییە، بۆیە راپۆرتی كۆتایی عەرەبستانی سعوودیە هەموو شتێك روون دەكاتەوە كە چی روویداوە و وەڵامی هەموو پرسیارێك و گومانێكیش دەداتەوە".

لای خۆیەوە دیموكراتەكانی ئەمەریكا لە هەوڵی پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسایەكن بۆ سزادانی سعوودیە لەسەر كوژرانی خاشقجی وەك هەوڵێكیش دەبێت بۆ وەستاندنی رێككەوتنی بەرنامەی ناوەكی نێوان واشنتن و ریاز.

بەپێی راپۆرتێك، دیموكراتەكان دەیانەوێت پڕۆژە یاسایەك بەناونیشانی "نا بۆ پێدانی چەكی ناوەكی بە سعوودیە"، رێگری لەو گرێبەستە نوێیە بكەن كە دۆناڵد ترەمپ واژووی لەسەر كردووە، ئەگەر ئەمەیش سەربگرێت ئەوا گورزێكی ئێجگار كوشندە لە ریاز دەدەن لەسەر دۆسیەی خاشقجی.

لەم ماوەی دواییدا زۆرینەی گفتوگۆكانی ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا لەسەر دۆسیەی خاشقجی و چۆنیەتی مامەڵە كردن بووە لەسەر وەستاندنی پێ فرۆشتنی چەك بە سعوودیە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەیانجار دووپاتی كردووەتەوە كە نایەوێت ئەو پارەیەی لە سعوودیەوە دێت بۆ ئەمەریكا بیخاتە مەترسییەوە.

وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو پێشنیازە، براد شیرمان پەرلەمانتاری دیموكراتەكان، پڕۆژەیە یاسایەكی پێشكەش بە كۆنگرێس كردووە بۆ وەستاندنی رێككەوتنامەی بەرنامەی ناوەكی نێوان ئەمەریكا و سعوودیە كە ماوەی چەند مانگێكە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

پڕۆژە یاسایەكە باس لە سێ تەوەر دەكات، یەكەمیان دۆناڵد ترەمپ ناچار دەكات رێككەوتنی 123 كە كۆمەڵێك یاسا و رێسای ئەمەریكییە بۆ فرۆشتنی تەكنەلۆجیای ناوەكی بۆ وڵاتێكی تر، تا لە كۆنگرێس رەزامەندی لەسەر بدرێت.

تەوەری دووەم، دەبێت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرپرسانی سعوودی ئاگادار بكاتەوە كە دەبێت پابەندی پێوەری زێڕین ببن، "بەپێی یاسای پێوەری زێڕینی ئەمەریكی بێت، ئەوا ئەمەریكا رێگری لە هەر وڵاتێك دەكات كە تەكنەلۆجیای ناوەكی پێدەدات بەكاری بهێنێت بۆ پێشخستنی یۆرانیۆم و دروستكردنی چەكی ناوەكی"، هەروەها پابەندی رێككەوتنامەی پشكنین و چاودێری ببن كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دایناوە.

دەبێت ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ راپۆرتێك لە بارەی لێكۆڵینەوە لە كوژرانی جەمال خاشقجی و رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە سعوودیە بداتە كۆنگرێس. چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی تێپەڕاندنی پڕۆژەكە دەبێتە هۆی وەستاندنی بەرنامەی ناوەكی ئەمەریكی سعوودی، هەروەها ئەگەری زۆرە سعوودیە رووبەڕووی سزا بكاتەوە لەسەر دۆسیەی كوژرانی خاشقجی.



وشە - فه‌رمان سادق