بەرهەمی نەوتی كێڵگەی تاوكێ 10% زیاد دەكات

:: PM:05:56:13/10/2016 ‌

كۆمپانیای "دی ئێن ئۆ"ی نەرویجی رای گەیاند كە توانوویەتی بەرهەمی نەوتی خاوی كێڵگەی تاوكێ بەڕێژەی 10% زیاد بكات لە رێگەی لێدانی چوار بیری نوێ لە كێڵگەكە و بە نیازن ئاستی بەرهەمهێنان لەو كێڵگە بگەیینە 135 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

ئەو كۆمپانیا نەرویجییە كە تایبەتە بە بواری بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەكدا كە لە ماڵپەڕی " United Press International (UPI"ی ئەمەریكایی بڵاو كراوەتەوە رای گەیاندووە كە پێشبینی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكە بە رێژەی 10% دەكەن.

زیاتر گوتی، ئەوان توانوویانە لێدانی سێ بیری نوێی نەوت لەو كێڵگەیە تەواو بكەن و چوارەمیش لە هەفتەی داهاتوو دەچێتە بواری بەرهەمهێنان و تێچووی ئەو پرۆسەش 20 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی بووە. 

بەپێی بەیاننامەكە لێدانی ئەو بیرە نوێیانە لە چوارچێوەی پلانەكانی كۆمپانیاكەیە بۆ زیادكردنی بەرهەم لەو كێڵگە كە لە مانگی تەمووزی رابردوو دەستیان پێ كردووە و روونی كردەوە كە ئەوان دەیانەوێ لە داهاتوویەكی نزیك ئامێر و كەرەستەی كاری زیاتر بێننە ناو كێڵگەكە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان بۆ 135 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

شایەنی باسكردنە ناوەندی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی تاوكێ لە سێیەم چواریەكی 2016 گەیشتە 109 هەزار و 159 بەرمیلی رۆژانە.

كۆمپانیای "دی ئێن ئۆ"ی نەرویجی خاوەنی 55%ی پشكەكانی كێڵگەی نەوتی تاوكێیە، لەو كاتەی كۆمپانیای "جەنەل ئینێرجی"ی هاوبەشی بەریتانیایی و توركی خاوەنی 25%ی پشكەكانە و ئەوەی ماوەتەوە هی حكوومەتی هەرێمە.

وشە/مەدا پرێس-و: مەحموود ئیسماعیل




وشە - باز ئه‌حمه‌د