سۆزان ماوەی 10 ساڵ هاوسەری شوان بووە، دوای ئەوەی چەندجارێك ناپاكی هاوسەرگیری بەرامبەر دەكرێت و بەڵگەی تەواوی دەكەوێتە دەست، داوای جیابوونەوە دەكات، شوان دەڵێت ئەگەر لەگەڵم بژیت دەبێ رازی بیت لەگەڵ ژن و كچی تر سێكس بكەم، ماڵی باوكیشی پێی دەڵێن ئەگەر جیابیتەوە حاشات لێ دەكەین.
سوزان تەمەنی ٣٥ ساڵە و خاوەنی دوو منداڵە و كارمەندی فەرمانگەی حكوومەتییە، ناپاكییەكانی هاوسەرەكەی گەیاندوویەتی بە قوڕسترین بڕیار كە كاریگەری لەسە داهاتوی خۆی و دوو منداڵەكەیشی هەبووە، بۆ "وشە" باسی چیڕۆكی ژیانی لەگەڵ هاوسەرەكەی و چیڕۆكی ژیانی ئێستەی دەكات و دەڵیت لە قورسترین كاتدا نزیكترین كەسەكانم پشتیان لێكردم، بەڵام نەڕووخام و ناشهێڵم بڕووخێم، هەمیشە بۆ دوو منداڵەكەم هەوڵ دەدەم.
بە خۆشەویستی هاوسەرگیریم لەگەڵ شوان كرد، دوو ساڵ پێوەندیمان هەبوو، كەسێكی زۆر زمان لووسە و باش دەزانێ چواردەوری بخەڵەتێنێ، بۆیە ماڵی باوكم زۆر خۆشیان دەویست، چونكە بە ڕواڵەت لە وێنەی نەبوو، ماوەی چەن سالێك بە كۆمەڵێك كێشەی وردوە بەڕیمان كرد، من زۆر خۆشم دەویست دوای ئەوەی بووم بە دایكش هەموو ژیانم بوو بە شوان و منداڵەكانم، بەڵام ئەو زۆر جیاواز بوو دەیویست منیشی هەبێ و منداڵەكانیشی هەبێت و لە دەرەوەیش بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ ئافرەت بێت.
سۆزان نایشارێتەوە كە لە سەرەتاوە هەستی بەوە كردووە كە شوانی هاوسەی جگە لەو پێوەندی لەگەڵ كچی تر هەیە، بەڵام وەك خۆی ئاماژەی پێدەدات هەمیشە بڕوای بەوە هەبووە كە چاك دەبێت و ماوەیەكە و نامێنێ و حەزێكە و كۆتایی دێت، بەڵام بیركردنەوەكەی هەڵە دەبێت و ئەو حەزەی شوان سەردەكێشێت بۆ زۆر شتی گەورەتر كە خێزانەكەی بەرەو نەمان دەبات.
لەناو مۆبایلەكەیدا وێنەی ڕووتی چەندین ژن و كچم بینی، هەندێكیانم دەناسی خزمی ئەو یان خزمی خۆم بوون، "یەكێكیان هاوسەری نزیكترین هاوڕێی شوان بوو"، هەموو ئەو وێنانەم لای خۆم هەڵگرت، نامەی یەك بە یەكی هەموو ئەو كەسانەی كە قسەی لەگەڵ دەكردن وێنەم گرتەوە، لای خۆم وەك بەڵگە دامنا لەكاتی پێویست نیشانی هەمووانم دا بەڵام نەمكرد، چونكە كاتێك باسم كرد شوان ئەو كارانە دەكات زۆر بە سادەیی پێیان گوتم پیاو هەڵە دەكات و ژن دەبێت لەبەر منداڵەكانی هەموو شتێك قبووڵ بكات،"سۆزان" وای گوت.
دوای گومانێكی زۆر، سۆزان بڕیار دەدات چاودێری شوان بكات، هەر ئەوەیش وای لێ دەكات لە بێ ئاگایی هاوسەرەكەی سەیری ناو مۆبایلەكەی بكات و هەموو ئەو شتانە بزانێت كە گومانی پێ بردووە، ئەو دەڵێت لە ناوەڕۆكی نامەكاندا باسی شوێنی خەوتن و چۆنیەتی خەوتنەكەیش كراوە كە لەگەل ژن و كچەكاندا سێكسی كردووە، جەخت لەوەیش دەكاتەوە كە شوان تەنیا بۆ سێكس پێوەندی لەگەڵ ئەو ئافرەتانەدا هەبووە نەك بۆ خۆشەویستی، دوای ئەوەی هەموو ئەو راستیانە ڕووبەڕووی شوان دەكاتەوە پێی دەڵێت، "من تەنیا بۆ سێكس لەگەڵیانبووم و كەسیانم خۆشناوێت"، تۆش ئەگەر لەگەڵم بژی دەبێ قبووڵی كەین چونكە من پێم تەرك ناكرێ.
سۆزان داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی دەكات، ئەویش پێێ دەڵێت، ئەگەر تەڵاقت بدەم دەكەویتە سەر شەقام و دەبێت خۆت بفرۆشی، چونكە ماڵی باوكی پێشتر پێان گوتووە كە وەریناگرنەوە و ئەگەر واز لە شوان بێنێت ئەوان حاشای لێ دەكەن، ئەو دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو قسە و هەڕەشانەی بە مێشكدا نەچووە و بە باوكی منداڵەكانی گوتووە ئەگەر بە بێ كێشە تەڵاقی نەدات، ئەوا هەموو ئەو بەڵگانەی پێیەتی پێشانی كەسوكاری دەدات و ماڵی هەزار كەسی پێ وێران دەكات، بۆیە شوان ناچار دەبێت تەڵاقی بدات و دوو منداڵەكەیش لە دادگا دەدرێن بە دایكیان و باوكیان نەفەقەیان دەكێشێت.
دوای جیابوونەوەیان ماڵی باوكی حاشای لی دەكەن و تەنیا خوشكی و دایكی بە دزی برا و باوكییەوە هاوكاری دەكەن، سۆزان دەڵێت زۆر لە جاران بەهێزتربووم و سەربەرزانە لەژێر سێبەری خۆم منداڵەكانم بەخێو دەكەم نەك لە ژێر سایەی پیاوێكی داوێن پیسدا، بە مووچەی خۆم كرێی خانوو دەدەم و لەگەڵ منداڵەكانم دەژیم، ئەوەی باوك و براكانیشم بەرامبەریان كردم لێی بێمنەتم، چونكە ئەوان دەیانویست من وەك ژنێكی داوێنپیس قبووڵی ناپاكی نێرێكی پیس بكەم، بەڵام من ئێستە نەپێویستم بە باوك و برا نەهاوسەر هەیە، من خوام هەیە و دوو منداڵەكەم تا دەمرم بە سەربەرزی بەخێویان دەكەم.
لەدوای قسەیدا سۆزان بە دەنگێكی تێری پڕ حەماسەوە گوت داوا لە هەموو ژنێك دەكەم كە حاڵی وەك پێشوی من بوو كە هاوسەرەكەی ناپاكی دەكات با زوو فریای خۆی بكەویت و جیابێتەوە، ئەو پیاوەی لەگەڵ ژنی نزیكترین هاوڕێی سێكس بكات لەگەڵ خوشكی خۆیشی دەیكات و دواتر ژنەكەیشی دەبات بۆ پیاویكی تر، پێتان دەڵیم جیابوونەوە كۆتایی دنیا نییە و سەرەتای ژیانێكی زۆر باشتر و خۆشترە، ژیان بە تەنیا و بە پاكی ئەگەر برسیش بێ، زۆر ئاسوودەترە لە وەی تێر بێ و لەژێر سێبەری نامەردی بژی.
هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان