له‌ 10 مانگی رابردوودا 45 پیاو خۆیان كوشتووه‌

:: AM:09:24:11/11/2018 ‌

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا توندوتیژی دژی ژنان سنووردار نه‌كراوه‌، ئه‌مساڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان 500 حاڵه‌تى توندوتیژى دژى پیاوان تۆمار كراون و 45 پیاویش خۆیان كوشتووه‌. یه‌كێتى پیاوانیش ده‌ڵێت، زۆرترین حاڵه‌تى خۆكوشتن له‌ سلێمانى تۆمار ده‌كرێت.

هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی دنیا داده‌نرێت كه‌ ساڵانه‌ زۆرترین توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژن تێدا تۆمار ده‌كرێ، ئاماره‌كانیش هه‌ر به‌ره‌و هه‌ڵكشانن، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه‌ توندوتیژی پیاویشی كردووه‌ته‌ ئامانج و ئاماری ئه‌میش هه‌ڵده‌كشێ.

بورهان عه‌لى سه‌رۆكى یه‌كێتى پیاوانى كوردستان به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، له‌ ماوه‌ى سه‌ره‌تاى ساڵى 2018 تا سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ تشرینى دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر، له‌ هه‌رێمى كوردستان زۆرترین حاڵه‌تى توندوتیژى به‌رانبه‌ر به‌ پیاو تۆمار كراوه‌، به‌ جۆرێك ته‌نیا له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 500 حاڵه‌تى توندوتیژى دژ به‌ پیاوان تۆمار كراون.

ئاماژه‌ی دا، "ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 45 پیاو له‌ هه‌رێمى كوردستان خۆیان كوشتووه‌، به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت زۆرترین حاڵه‌تى خۆكوشتنى پیاوان له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى بووه‌ و ساڵانی رابردوویش زیاتر حاڵه‌ته‌كان له‌ سلێمانى بوون، هه‌روه‌ها چوار پیاو له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ به‌ هاوكارى پیاوی تر كوژراون".

بورهان ده‌ڵێ، "وه‌ك چۆن توندوتیژى دژ به‌ ژن به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و كۆتاهێنان به‌و حاڵه‌ت و دیاردانه‌ ئه‌سته‌مه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ حاڵه‌تى توندوتیژى دژ به‌ پیاو به‌رده‌وام ده‌بێ و ناتوانرێ كۆتایى پێ بهێنرێت".

به‌پێى ئاماره‌كانى یه‌كێتى پیاوانى كوردستان، ساڵى 2017 له‌ هه‌رێمى كوردستان 600 سكاڵا و حاڵه‌تی توندوتیژى دژ به‌ پیاوان تۆمار كراون، هه‌روه‌ها 70 پیاو خۆیان كوشتووه‌ كه‌ زۆرترینیان له‌ سلێمانى بوون و پێنج پیاویش له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌ به‌ هاوكارى پیاو تر كوژراون.

كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پیاوسالاره‌ و ژماره‌كان بۆ توندوتیژی دژی ژن هه‌زارانی تێپه‌ڕاندووه‌، زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كانیش پیاو ئه‌نجامی ده‌دات یان هۆكاری ئه‌نجامدانیه‌تی.

ئاكۆ حه‌مه‌د مافناس له‌ به‌شى یاسایى یه‌كێتى پیاوانى كوردستان، بۆ "وشه‌" روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سكاڵا و حاڵه‌تانه‌ى ده‌چنه‌ لاى ئه‌وان، به‌شى هه‌ره‌ زۆریان هه‌ڕه‌شه‌كردن و توندوتیژین به‌رانبه‌ر به‌ پیاو له‌لایه‌ن ژنه‌كانیانه‌وه‌، به‌شێكیشیان هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌ له‌ پیاو له‌لایه‌ن كه‌سوكارى ژنه‌كه‌یه‌وه‌. دووپاتی كرده‌وه‌ "بێ له‌وانه‌، پیاو هه‌یه‌ لێى ده‌درێت، سووكایه‌تى و لێدان هۆى سه‌ره‌كى هاتنى پیاوان بووه‌ بۆ تۆماركردنى سكاڵا".

به‌رپرسی به‌شی یاسایی ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن له‌باره‌ى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى. به‌ڵام ددان به‌وه‌شدا ده‌نێت كه‌ "پیاو هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ژنه‌كه‌وه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌كرێت و سووكایه‌تى پێ كراوه‌ و شه‌ڕى ده‌روونى له‌گه‌ڵ كراوه‌، بۆیه‌ له‌ ڕووى یاساوه‌ ڕێنوێنیمان كردوون، هه‌روه‌ها پیاو هه‌بوو تووشى حاڵه‌تى ده‌روونى هاتبوو، په‌ناى ده‌برد بۆ خۆكوشتن، به‌ڵام له‌ ڕێى توێژه‌ره‌كانمانه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌نه‌مان ئاسایى ده‌كرده‌وه‌ و له‌ ڕێى دادگا و بنكه‌كانى پۆلیسه‌وه‌ سكاڵاكانیان به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیران و لێكۆڵینه‌وه‌ى خێراتریان له‌سه‌ر ده‌كرا".

"به‌شێك له‌وانه‌ى سكاڵایان هه‌بوو، پیاوه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان بوون، له‌لایه‌ن ژن و منداڵه‌كانیه‌وه‌ لێیان دراوه‌ و له‌ ماڵ ده‌رده‌كران، تێیاندا هه‌یه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى تاپۆى خانووه‌كه‌ى له‌سه‌ر نه‌مێنێت و خانووه‌كه‌یان ده‌كرد به‌ ناوى خۆیانه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ڕێى دادگاوه‌ ڕێگریمان له‌و كاره‌ ده‌كرد". حه‌مه‌د وای گوت.

به‌ڵام پیاوێك كه‌ له‌به‌ر شكۆی خۆی داوای كرد ناوی بڵاو نه‌كرێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندان جار له‌لایه‌ن ژنه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ماڵ ده‌كراوه‌ و سووكایه‌تى پێ كراوه‌ و لێى دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و نایه‌وێ كێشه‌كه‌ گه‌وره‌ بێت، بۆیه‌ په‌ناى بۆ یه‌كێتى پیاوان بردووه‌ تا كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ژنه‌كه‌ى به‌رده‌وام بووه‌ و حاڵه‌ته‌كه‌ى دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و پیاوه‌ بۆ "وشه‌" گوتى، "سه‌ره‌ڕاى سووكایه‌تى، ژنه‌كه‌م كه‌سوكاره‌كه‌ى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و هاتن لێیان دام و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كردم، چه‌ند جارێكیش له‌ ماڵ ده‌ركراوم یان ماڵم جێ هێشتووه‌ و چوومه‌ته‌ ماڵى كوڕ و كچه‌كانم".

وشه‌/ سلێمانى- هۆشیار عه‌لى


وشە - تایبه‌ت