بڕیارە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەسەر پرسی دابەزینی نرخی نەوت كۆ ببنەوە و بۆ ئەم دانیشتنەش هەریەك لە عێراق و سعوودیە هاوكاری یەكتر دەكەن.
بەگوێرەی "
بی بی سی" ئەمڕۆ لە ئەبوزەبی وڵاتانی ئۆپێك و چەند وڵاتێكی دەرەوەی ئۆپێك كۆ دەبنەوە و تاوتوێی پرسی دابەزینی نرخی نەوت دەكەن. هەریەك لە وەزیرانی نەوتی سعوودیە و رووسیا سەرپەرشتی ئەم كۆبوونەوەیە دەكەن.
ئەم دانیشتنە لە كاتێكدا دەكرێت ئەمەریكا لە لایەك بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی زیاد كردووە و لە لایەكی تریشەوە رێی بە چەندان وڵات داوە نەوت لە ئێران بكڕن و هەمووی ئەوانەش هۆكار بوون لە دابەزینی نرخی نەوت.
نرخی نەوت بۆ پێنجەم هەفتەی لە دوای یەك دابەزینی تۆمار كردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو تۆمار كرابێت.
ئێستە نرخی نەوتی برێنت بە 69 دۆلار و 62 سەنت و تەكساسیش بە 59 دۆلار و 75 سەنت دەفرۆشرێن.
سەرەتای مانگی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت تا 87 دۆلار بەرز بووەوە و بەراورد بە 40 رۆژی رابردوو، نزیكەی 18 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزیوە.
دابەزینی نرخ، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕووی نەوت و پێشبینی كرابوو لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، چونكە بۆشایی لە دابینكردنی نەوت دێتە كایەوە، بەڵام ئەمە رووی نەداوە و پێ دەچێت كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بە هێمنی پێشتر رووی دابێت و لەگەڵ كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران لە شوێنی تر هەناردەی وڵاتانی تر زیاد بووبێت و قەرەبووی نەوتەكەی كردبێتەوە.
لە داهاتوودا هەر گۆڕانكارییەك لە نرخی نەوت، بەوە گرێ دراوە سزاكانی ئەمەریكا كە بە كردەنی جێبەجێ كراون تا چەندە دەتوانێ رێ لەو نەوتە بگرێت كە هێشتا ئێران هەناردەی دەكات.
ئەوەی وایكردووە نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە، ئەوەیە ئەمەریكا رێی بە كۆمەڵێك وڵات داوە درێژە بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا بدەن و ئەمەش دڵەڕاوكێی كەمبوونەوەی نەوتی رەواندەوە.