23 كەس بوونە قوربانی ئاگركەوتنەوەكەی كالیفۆرنیا

:: AM:11:07:11/11/2018 ‌
بەپێی دوا ئامار, تا ئێستە 23 كەس بەهۆی ئاگركەوتنەوەكەی شاری بارادایزی ویلایەتی كالیفۆرنیا، بوونەتە قوربانی كە ژمارەیەكیان لەناو ماڵەكانیاندا بەهۆی سووتانی خانووەكانیان گیانیان لە دەست داوە. 

كۆتایی هەفتەی رابردوو بەهۆی ئاگركەوتنەوەیەك لە یەكێك لە دارستانەكانی شاری بارادایز، كارەساتێكی مرۆیی گەورە رووبەڕووی ئەو شارە بووەوە، لەوكاتەی ئاگرەكە بەهۆی خێرایی و توندی با گەیشتە ناو شارەكە، تیمەكانی فریاگوزاری دەڵێن تا ئێستە شەش هەزار و 700 خانوو و كۆمپانیا سووتاون، زیاتر لە 15 خاڵی سەرەكی شارەكەش سووتاون.

ئاگركەوتنەوەكە كە بە "كامپ فایەر" ناسێنرا، چونكە بە خێراییەكی زۆر بەرەو شاری بارادایز رۆیشتووە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەمی رابردوو ئاگرەكە كەوتووەتەوە و مارك گیرالدوشی لە نووسینگەی خزمەتگوزاری فریاكەوتنی سەر بە ویلایەتی كالیفۆرنیا دەڵێ، "قەبارەی ئاگرەكە باوەڕپێكراو نییە وەك ئەوەی ئێمە بینیمان".

دەسەڵاتدارانی ویلایەتی كالیفۆرنیا هەینی رابردوو داوایان لە هاووڵاتییانی بارادایز كرد ماڵەكانیان جێبهێڵن بەهۆی خێرایی ئەو ئاگرەی ناوشاری گرتووەتەوە.

ئەگەرچی بەرپرسانی ویلایەتەكە رایان گەیاند بەهۆی كارەساتەكە نۆ كەس گیانیان لە دەست داوە، بەڵام دوای گەڕان بەناو خانووە سووتاوەكاندا، تەرمی 14 كەسی تریان لەناو ماڵەكانیان دەرهێنا كە لەگەڵ كەلوپەلی ناوماڵەكە سووتاون.

فەرمانگەی دارستانی كالیفۆرنیا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، "ئەو كارەساتە زۆر مەترسیدارە تكایە ماڵەكانتان جێ بهێڵن".

ئاگركەوتنەوەی كامپ فایەر ئەگەرچی بە وەرزی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی ئەمەریكا كەمێك دواكەوت، بەڵام لەگەڵ خۆیدا كارەساتێكی مرۆیی زۆر گەورەی هێنا بە سووتاندنی هەزاران خانوو، هەر بۆیە بەهۆیەوە دوێنێ شەموو، دۆناڵد ترەمپ باری تەنگەتاوی لە سەرانسەری ئەمەریكا راگەیاند.

جێی باسە هێشتا فەرمانگەی خزمەتگوزاری فریاكەوتن ژمارەی بریندارانی بەهۆی ئاگركەوتنەوەكە رانەگەیاندووە، هاوكات دەستنیشانی قەبارەی زیانەكانیش نەكراوە.



وشە - فه‌رمان سادق