راگەیاندنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن عەبادی تەكتیكە یان ستراتیج؟

:: PM:12:59:11/11/2018 ‌

دوای بێ هیوابوونی لە وەرگرتنی پۆست و پشتگوێخستنی، حەیدەر عەبادی ئامادەكاری بۆ راگەیاندنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان دەكات. بەپێی زانیارییەكان بە نیازە كاریگەری بەسەر بڕیاری سیاسی و یاساكانی پەرلەمانی عێراقەوە دابنێت. بەڵام چاودێرانی نایشارنەوە ئەگەری ئەوەش هەیە هەوڵەكەی تەنیا گوشاری پۆست وەرگرتن بێت.

لە كاتێكدا لە دوای 2003ەوە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ئۆپۆزسیۆنی بەخۆیەوە نەدیوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ دەكات كە بەشێكە لە هاوپەیمان چاكسازی بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر، خۆی ئامادە دەكات تا سەركردایەتی رەوتی ئۆپۆزسیۆن بكات لەناو پەرلەماندا، هەرچەندە كە هاوپەیمانییەكەی پشتگیری لە عادل عەبدولمەهدی كردووە ببێت بە سەرۆك وەزیران.

بەگوێرەی زانیارییەكان، عەبادی توانیویەتی لیستی تریش رازی بكات ببن بە ئۆپۆزسیۆن، وەك پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسڕ كە عەبادی سەركردایەتی دەكات، رای دەگەیەنێت "ئەو پەراوێزخستنەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كە هیچ وەزیرێكی بە هاوپەیمانی نەسڕ نەداوە، عەبادی ناچار كرد بیر لە ئۆپۆزسیۆنبوون بكاتەوە و لە ئێستەوە جووڵەیەكی دەست پێ كردووە بۆ سەركردایەتیی رەوتی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان".

ئەو پەرلەمانتارە كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، دووپاتی كردەوە كە بە فەرمی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان رادەگەیەنن و هەوڵ بۆ گۆڕینی رێچكەی پرۆسەی سیاسی دەدەن لە وڵات. زیاتر گوتی "هاوپەیمانی نەسڕ بە هەموو ئەندامانییەوە دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، لیستی تریش هەن دێنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دوای ئەوەی لەلایەن عەبدولمەهدی پشتگوێ خران، لەوانە رەوتی حیكمە بە سەركردایەتی عەمار حەكیم و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی نەسڕ ئاماژەی بەوەش دا كە بەرەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر فراوان دەبێت و رۆڵی گەورەش دەبینێت بەشێوەیەكی ئەرێنی لە پرۆسەی سیاسی و داڕشتنی یاساكان لە پەرلەمان، 

"بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەپێی كارنامەیەك كار دەكات كە ئێستە سەرقاڵی نووسینەوەیەتی، كاری لە پێشینەی نەهێشتنی گەندەڵی و دنەدانی سیاسی و گۆڕینەوەی سیاسی دەبێت، بەهیچ شێوەیەكیش بەرەی تۆڵەسەندنەوە نابێت، بەڵكو بەرەیەكی دامەزراوەیی دەبێت و بۆ بەرژەوەندی گەل كار دەكات و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە دەدات كە خزمەتی گشتی دەكات نەك چینی سیاسەتوان" پەرلەماتارەكەی نزیك لە عەبادی وای گوت.

ئاشكرایشی دەكات كە گوشاری زۆر لەسەر عەبادی هەیە واز لە بیرۆكەی ئۆپۆزسیۆنی بهێنێت و پۆستی باڵاشیان خستووەتە بەردەم، لەوانە جێگری سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەو رەتی كردووەتەوە و پێداگرە لەسەر پێكهێنانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن.

جێی باسە جگە لە هاوپەیمانی نەسڕ، رەوتی حیكمە كە بە هەردووكیان زیاتر لە 60 كورسیی پەرلەمانییان هەیە، پۆستی هیچ وەزارەتێكیان پێ نەدراوە، ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی بەڵێنی پێ دابوون، ئەمە هۆی سەرەكییە لەوەی عەبادی بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژێرێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو كە تا رووداوەكانی مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری رابردووی شاری بەسڕە كە بەهۆیەوە بارەگای زیاتر لە 20 حزب و میلیشیای چەكدار و كونسوڵگەی ئێران سووتێنران، كاندیدی بەهێزی هاوپەیمانی سائیروون بوو كە موقتەدا سەدر پشتگیری لێ دەكرد بۆ سەرۆك وەزیران لە خولێكی تردا، بەڵام ئەو رووداوە و فتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق، شانسی عەبادی دوورخستەوە لەوەی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەگەرچی ئەمەریكییەكان زۆر سەرسەختانە پشتگیرییان لێی دەكرد.

عەبادی دوای درووخستنەوەی لە بەرەی هاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتنانەوە بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر نەكشایەوە، ئەو چاوی لەوە بوو پۆستی وەزیری دەرەوەی پێ بدرێت، بەڵام لەلایەن عادل عەبدولمەهدی بە تەواوی پشتگوێ خرا، چاودێرانی دۆخی عێراق پێیان وایە ئەوە هۆكاری سەرەكی بووە لەوەی بیر لە بوونە ئۆپۆزسیۆن بكاتەوە تا رۆڵی هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و ناوی بزر نەبێت، ئەگەرچی هەندێك پێیان وایە ئەوە گوشارێكە لەلایەن عەبادی تا بكرێتە جێگری سەرۆك كۆمار.

لە دوای 2003ەوە تا كابینەكەی عەبادی، هیچ هێزێكی سیاسی بە فەرمی خۆی وەك ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان نەناساندووە، زۆرینەی حزبە سیاسییەكانیش لەسەر ئەوە كۆكن كە ئۆپۆزسیۆنبوون سوودیان پێ ناگەیەنێت، بەڵكو قازانجیان لەوەدایە بەشداری دەسەڵات بكەن و سوودمەند بن لە پرۆسەی گەندەڵی بەرنامە بۆ داڕێژراو چ لە وەزارەتەكان بێت یان پڕۆژەكانی خزمەتگوزاریی و تەندەرین، یان وەرگرتنی پڕۆژە كە ئەمە لە ماوەی 2005 تا 2014 یەكێك بووە لە رێیەكانی رازیكردنی لایەنە ناڕازییەكان.

جێی ئاماژەیە، رەوتی سەدر و شیوعییەكان كە لە كابینەی حكوومەتی حەیدەر عەبادی خۆیان خزاندە ناو گردبوونەوە ناڕازییە جەماوەرییەكانی لە زۆرینەی شارەكانی باشووری عێراق بەتایبەت لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، لەو رێیەوە توانییان هاوپەیمانی سائیروون پێك بێنن، سەرەڕای جیاوازی ئایدۆلۆجی و بەرنامەی سیاسییان، هەر ئەمەش وایكرد لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەست بێنن و ببن بە كۆڵەكەی سەرەكی پێكهێنانی حكوومەت، كە عادل عەبدولمەهدی بژاردەی ئەوان بوو بۆ وەگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.

چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، دۆخی سیاسیی عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هێزی سیاسی باوەڕی بە خۆی هەبێ ببێت بە ئۆپۆزسیۆن و وا تێبگات كە ئۆپۆزسیۆنبوونیش هاوشانی بەشداریكردن لە دەسەڵات دەستكەوتی هەیە.

محەمەد شەفیق چاودێری سیاسیی عێراقی، ئەوەی خستە ڕوو كە ئەگەر ئەو هێزەی دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن بتوانێ ئامانجەكەی بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە جێی سەرنجی شەقام و لایەنە ناوخۆیی و دەرەكیەكانیش، وەك بەرەی چاكسازی كە لە هەناوی خۆپێشاندەران لە دایك بوو.

بەگوتەی شەفیق، "قورسە پێشبینی بكەی ئەو دۆخەی بۆ هاوپەیمانی چاكسازی هاتە پێشەوە، بۆ لایەنێكی تری سیاسی بێتە پێشەوە لە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام هیچ دوور نییە سیناریۆكە دووبارە ببێتەوە بەهۆی مانەوەی ناڕەزایەتییەكان لە جێی خۆیاندا".



وشە - فه‌رمان سادق