ئەپڵ: ئایفۆن X كێشەی هەیە

:: PM:01:37:11/11/2018 ‌
كۆمپانیای ئەپڵ ددان بە هەبوونی كێشە لە شاشەی هەندێك لە بەرهەمەكانیدا دەنێت بە تایبەت ئایفۆن X، ئامادەیی كۆمپانیاكەیش بۆ گۆڕینی مۆبایلەكان بە خۆڕایی بۆ بەكارهێنەرانی دەردەبڕێت. بەڵام دەستنیشانی ئەوەی نەكردووە كە چەند هەزار مۆبایل كێشەیان لە پەنجە پێوەنان لە شاشەكەیدا هەیە.

رۆژی هەینی رابردوو نۆی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر، كۆمپانیای ئەپڵ رای گەیاند كە شاشەی هەندێك لە مۆبایلەكانی ئایفۆن X و ماكبوك پڕۆی بەرهەمی ساڵی 2017، كێشەیان لە پەنجە پێوەنان "تەچ یان لەمس" هەیە، ئامادەیی گۆڕینی بە خۆڕایی بۆ بەكارهێنەرانی راگەیاند.

بڕیارەكەی ئەپڵ دوای زیاتربوونی سكاڵای بەكارهێنەرانی هات كە رۆژانە سكاڵاكان لەلایەن بەكارهێنەرانیەوە رووی لە زیادبوون كرد بەوەی شاشەی مۆبایلەكانیان بۆ ماوەیەك پەنجە پێوەنانەكەی دەوەستێت.

هاوكات كۆمپانیاكە ددانی بەوەش دا نا كە كێشە لە لاپتۆپی جۆری ماكبوكی شاشە 13 ئینج هەیە، كە هەندێك جار پەكی دەكەوێت، دەڵێ هەموو ئەوانەی كێشەیان لە ئایفۆن X و لاپتۆپی ماكبوك هەیە، بۆیان هەیە سەردانی نووسینگەكانی كۆمپانیاكە بكەن لە وڵاتانی خۆیان بۆ گۆڕینی شاشەكان یان گۆڕینی تەواوی ئامێرەكە، ئامادەیە لاپتۆپەكانیش بە خۆڕایی چاك بكاتەوە.

ئەگەرچی ماوەیەكی زۆرە بەكارهێنەرانی ئایفۆن X سكاڵا لەسەر وەستانی شاشەی مۆبایلەكانیان دەكەن، بەڵام كۆمپانیاكە سكاڵاكانی پشتگوێ خست تا دەرچوونی مۆبایلی ئایفۆن XS.



وشە - فه‌رمان سادق