واشنتن خۆی بۆ رەشەبایەكی سەختی سیاسی ئامادە دەكات

:: PM:08:19:11/11/2018 ‌

دوای بردنەوەی دیموكراتەكان بە زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەو هەڵبژاردنەی لە ماوەی ئەم مانگە هاتە سازكردن، واشنتن چاوەڕوانی هەڵكردنی رەشەبا دەكات، رەشەبایەك كە هاتنی یەكلاكراوەیە ئەگەرچی زیانەكانی نازانرێت، ئەوەیش دوای لادانی وەزیری داد لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە ماوەیەكی زۆرە كۆشكی سپی ئامادسازی بۆ دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رۆبەرت مۆلەر، لێكۆڵەر لەبارەی دۆسیەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا.

لادان یان دەركردنی جیف سیشنز، وەزیری دادی ئەمەریكا لە پۆستەكەی لەلایەن ترەمپەوە شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام بەو خێراییە نا، ئەوەی نوێیە و دۆخێكی هەڵچووی دروست كرد راسپاردنی ماسیۆ وایتیكر، گەورە یاریدەری سیشنز بوو لەلایەن ترەمپەوە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە بە وەكالەت تا كاتی دیاریكردنی شوێنگرەوەیەكی بەردەوام بۆی، بەوەیش ترەمپ بەسەر روود رۆزنستاین جێگری وەزیری داد بازی دا كە مافی بەڕێوەبردنی پۆستەكەی هەبوو، بەڵام ئەو پاڵپشتی لە رۆبەرت مۆلەر دەكرد، بۆیە ترەمپ وایتیكری بەرهەڵست بۆ مۆڵەر و لێكۆڵینەوەكانی هەڵبژارد، ئەو جووڵانەوەی ترەمپ هاوشێوەی سیناریۆی كودەتای ریچارد نیكسۆن سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا بوو كە لە هەمان وەزارەت ئەنجامی دا بۆ شاردنەوەی لێكۆڵینەوەكان لە ئابڕووچوونی "وەتەر گێت". 

ئەوەی ترەمپ لەو بارەوە كردوویەتی تا ئێستە ناگاتە ئاستی ئەوەی نیكسۆن ئەنجامی دا كە وای كرد ئابڕووچوونەكە زیاتر ئاشكرا بێت و بە هەڵمەتێك بۆ ناچاركردنی بۆ دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستەكەی كۆتایی هات، بەڵام هەنگاوێكیشە بەو ئاراستەیە، چونكە وەزیری راسپێردراو بۆ پۆستەكە دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت ببێتە بۆ خنكاندنی لێكۆڵینەوەكان یان لەناوبردنیان، ئەو بڕیاری رازیبوون یان رەتكردنەوەی بڕیارەكانی لێكۆڵەری لەبارەی ئاراستەكردنی تۆمەتەكان و داواكردنی بەڵگەی زیاتر بەدەستە، بۆیە ململانێیەكی توند لەبارەی دانانی وەزیری نوێی داد هەیە. 

تیمی نەیار بۆ بڕیارەكەی ترەمپ لە سۆنگەی نادەستووری راسپاردنی وایتیكر بۆ پۆستەكە رەتی دەكەنەوە بەو پێیەی ئەو كارە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران هەیە، ئەگەرچی كاتیشە، لەو بارەوە رەوتێكی فرەوان لە كۆنگرێس پاڵپشتیان دەكەن، بەتایبەتی كاتێك دیموكراتەكان بە پێویستی دەزانن وایتیكر دەست لەسەر دۆسیەی لێكۆڵینەوەكانی مۆڵەر هەڵبگرێت، لە بەرانبەردا تیمی كۆشكی سپی لادانی وایتیكر رەت دەكەنەوە و رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران بە پێویست نازانن. 

ترەمپ بەرەو ئەوروپا چووە و تا ئێستە كار و دەستپێشخەرییەكانی بەدەستە، بۆیە گەڕی رووبەڕووبوونەوەی یاسایی دەستی پێ كردووە، ئێستە مۆڵەر زۆر كارتی رانەگەندراوی بەدەستە، بۆیە گۆڕانكارییەكانی ترەمپ پێ دەچێت دەستپێشخەری بووبن بۆ پەكخستنی هەنگاو و ئەنجامی ترسناك كە تیمی كۆشكی سپی پێشبینی دەكەن لێكۆڵینەوەكان پێی بگەن، دواتر لە 3ی كانوونی دووەمی داهاتوو تیمێكی جیاوازی كۆنگرێس دروست دەبێت كە بنەمای یارییەكە دەگۆڕن، ئەنجوومەنی نوێنەرانی زۆرینە دیموكراسی لە ئێستەوە ئاماژە بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی هێرشبردن بۆ سەر ترەمپ لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی مۆڵەر دەكەن، بەو شێوەیە دۆخی سیاسی داهاتووی ئەمەریكا رووبەڕووبوونەوەی توند لەخۆ دەگرێت و زۆرێك لە ناوەندەكانیش مەترسی خۆیان ناشارنەوە لە دروستبوونی دۆخی فریاگوزاری نیشتیمانی. 

لە چەند هەفتەی دواییدا چەند پەرەسەندنێك روویان دا وەك لێدوانی زەنگی مەترسی بوون، هەموویان پێوەست بوون بە دۆخی نەیاری گڕگرتووی سیاسی، لەوانە دوو كوشتارگەی كوشتنی هەڕەمەكی لە چەند ویلایەتێك و هەوڵی كوشتنی چەند سەركردەیەكی سیاسی بە نامەی بۆمڕێژكراو و شەڕی نێوان ترەمپ و رۆژنامەوانان بە ئاشكرا كە بووە هۆی دەركردنی پەیامنێرێكی "سی ئێن ئێن" لە كۆشكی سپی. 

6ی ئەم مانگە ئەمەریكا هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەنجام دا كە گرنگییەكی زۆری هەبوو بەتایبەتی بۆ ترەمپ كە لەدەستدانی زۆرینە لە یەكێك لە دوو ئەنجوومەنەكە دەیكاتە سەرۆكێكی ناكام لە دوو ساڵی داهاتوو، چونكە رووبەڕووی سەختی لە تێپەڕاندنی هەر پڕۆژەیاسایەك دەبێتەوە ئەگەر زۆرینەی ئەنجوومەنەكان بكەوێتە دەستی حزبی نەیاری، هەروەها ئەگەری لادانیشی دەبێت ئەگەر لێكۆڵینەوەكان لەبارەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 2016 گەیشتە كۆتایی و تێوەگلانی ترەمپ هاتە سەلماندن.

ماڵپەڕی "دەیلی بێست"ی ئەمەریكایی دەڵێت، تیمی یاسایی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كار لەسەر ئامادەكردنی راپۆرتێكی دژ بە مۆڵەر دەكەن، بەمەبەستی لابردنی شەرعیەت لەسەر لێكۆڵینەوەكانی لە كەیسی دەستوەردانی رووسیا و بەڵگەكانی، بەوەی گومان دەخەنە سەر دەست پێكردنی لێكۆڵینەوەكان كە شەرعی بووە یان نا، لەو كاتەی مۆڵەر بەنیازە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی ئاشكرا بكات لە یەكێك لە گرنگترین دۆسیەكانی سەر گۆڕەپانی ئەمەریكا.

مات ئەیۆزۆ، نووسەر لە شرۆڤەیەك لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" دەڵێت، لە چەند مانگی داهاتوو چەند بڕیارێكی یەكلاكەرەوە چاوەڕوانی مۆڵەر دەكات، لەوانە ئاخۆ بانگهێشتنی ترەمپ دەكات و تۆمەتی ئاراستە دەكات؟، یان راپۆرتێكی گشتیی دەنووسێتەوە؟.

شرۆڤەكە دەڵێ، بە پێی ئەزموونی 50 ساڵی پێشوو لە سیاسەتی یاسایی وەزارەتی دادی ئەمەریكا نەتوانراوە سەرۆكەكان لەكاتی بەڕێوەبەردنی ئەركەكانیان تۆمەتبار بكرێن، ئەگەرچی كۆنگرێس ئەو مافەی هەیە، بەڵام نەبووەتە نەریتێكی وەزارەتی داد. بۆیە مۆڵەر چەند بژارەیەكی لەپێشە بۆ كۆتاهێنان بە لێكۆڵینەوەكەی، لەوانە پێشكەیشكردنی راپۆرتێكی ورد و زیانبەخش كە بەپێی هەموواركردنەوەكانی وەزارەتی داد تەنیا داوا لە مۆلەر دەكرێ كە راپۆرتێكی كورت و بەپەلەی لێكۆڵینەوەكانی رەوانەی لای دادوەر روود رۆزنشتاین بكات. شرۆڤەكە دەڵێ كە مۆڵەر هەموو هەوڵێك دەدات بۆ خۆدوورخستنەوە لە دروستكردنی گەردەلوولێكی سیاسییانە لە دوای خستنەرووی راپۆرتەكەی، بۆیە ئەو راپۆرتەكەی دەخاتە روو و دەڕوا بەوەی ئەركەكەی لەسەریەتی كۆتای هێناوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل