سێ نیشانەی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە

:: PM:10:08:11/11/2018 ‌

رەنگە ئاشكرابوونی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و دیاركەوتنی نیشانەكانی سەخت بێت، چونكە مرۆڤ هەست بە ئازارێكی روون ناكات كە نیشانەی نەخۆشییەكە بێت، بەڵام ئەگەر تێبینی دەركەوتنی چەند نیشانەیەكی نائاسایی بكات، دەتوانێت پێشبینی تووشبوون بكات و رەنگە گۆڕینی شێوازی ژیانی رۆژانەی سوودی هەبێت بۆ خۆلادان لەو نەخۆشییە مەترسیدارە.    

نەخۆشی شەكرە نەخۆشییەكی باوە و بەهۆی كێشە لە دەردانی پەنكریاس روو دەدات كە ناتوانێت بڕی پێویستی ئەنسۆلین دەربدات، یان لەشی مرۆڤ ناتوانێت كاریگەری لەگەڵ هۆڕمۆنەكە بكات لەبەر هۆكاری پێوەست بە بەرگری لەشەوە. بۆیە بەهۆی نەبوونی بڕی پێویستی ئەنسۆلین لەش ناتوانێت شەكری خوێن بۆ وزەی بەردەست بۆ بەكارهێنان بگۆڕێت.

رۆژنامەی "ئێكسپرێس"ی ئینگلیزی لە چەند سەرچاوەیەكی تەندروستی گواستییەوە كە یەكەم نیشانەی ئاماژەكار بۆ بوونی بەرگری ئەنسۆلین لەناو لەش دەركەوتنی رەنگێكی تێر بە شێوەی كرێژ لە دەوری ملی مرۆڤ و ئەوەیش مانای ئەوەیە لەش بەرگری ئەنسۆلین دەكات، یان ئاستی شەكر لە لەش لە ئاسایی زیاترە. هەروەها رەنگە رەنگی پێست لە ناوچە نووشتاوەكان بەتایبەتی لەو كەسانەی قەڵەون تێر و تاریك بێت.

دووەم نیشانە لاوازی بینینە، بۆیە ئەگەر لەكاتی خوێندنەوەدا كێشەیەكت هەبوو رەنگە ئاماژە بێت بۆ بەرزی رێژەی شەكر  لە لەشدا بەهۆی گۆڕانی ئاستی شلەكان و هەڵاوسانی چاو.

سێیەم نیشانە درەنگ چاكبوونەوەی برینە، كە بەرزی رێژەی شەكر لە خوێن دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی ئۆكسجین بۆ برینەكان و ئەوەیش سیستەمی بەرگری و چاكبوونەوەی برین سست دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل