بەهۆی پۆستێكی فەیسبووكەوە لەسەر كار دەركرا

:: PM:10:32:11/11/2018 ‌

ئاگركوژێنەوەیەكی شاری بڵێری سەر بە ویلایەتی تێكساسی ئەمەریكا پۆستێك دەكات لە فەیسبووك و پێشنیازی راوكردنی ئەو كەسانە دەكات كە روو دەكەنە ئەمەریكا.

كریس بۆش، ئاگركوژێنەوەیەكە لە ویلایەتی ئەمەریكا و حەفتەی ڕابردوو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا گوتبووی، "پێویستە ئەو تەنەكانە بكڕین كە خواردنی ئاسكی تێ دەكرێت و پڕی بكەین لە فاسۆڵیای چینی و لەسەر سنوور دای بنێین و دەست بكەین بە وەرزێكی نوێی ڕاوكردن."

شایەنی باسە كریس بۆش مەبەستی لە ڕاوكردنی ئەو پەنابەرانەیە كە وڵاتی مەكسیكەوە ڕوو دەكەنە ئەمەریكا، دوا بە دوای بۆچوونی توندی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر پەنابەرانی مەسكیكی و ئاماژەدان بە دروستكردنی دیواریك لەنێوان ئەمەریكا و مەكسیك، مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەم بابەتە هەیە و زۆر كەس لە دژی بۆچوونەكانی تڕەمپن بەرانبەر كۆچبەران و پەنابەران.

بڵاوكراوەكەی بۆش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرای نایەوە و چەندان جار لەلایەن كەسانی ترەوە بڵاو كرایەوە، خەڵكی نیگەران لەوەی پۆلیسێكی بەرگری شارستانی  پشتگیری كوشتن و ڕاوكردنی خەڵكانی ئەمەریكای لاتین بكات، هەروەها پێوەندیان كرد بە دەزگا پێوەندیدارەكانی ویلایەتی تەكساس تا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

مایكڵ بارس، یەكێك لەو كەسانەی بە بڵاوكراوەكەی بۆش حەپەسا بوو گوتی، "كارەكەی بۆش خۆی كە لە بنچینەدا هاریكاریكردن و ڕزگاركردنی ژیانی كەسانی ترە، پێچەوانەی ئەوەیە كەسێك بانگەشەی ڕاوكردنی كەسانی تر بكات."

شایەنی باسە ئەو دەزگایەی بۆش كاری تێدا دەكرد ڕایان گەیاندووە كە چیتر بۆش كار ناكات لە دەزگاكەیان و بە توندی دژی ئەو بڵاوكراوە نەگونجاو  و سنووربەزێنەی بۆشن.

وشە/ محەمەد شابان






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل