نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:06:12/11/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە كرایەوە و لە سەعاتەكانی یەكەمی ئەو بازاڕەش نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا.

هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 69 دۆلار و 60 سەنت داخرابوو، بەڵام لە ماوەی ئەم چەند سەعاتەدا سەرووی دۆلار و نیوێك لە نرخی هەر بەرمیلیك نەوت هەڵكشاوە.

بەگوێرەی dailyfx ئێستە بەرمیلی نەوتی برێنت بە 71 دۆلار و 25 سەنت دەفرۆشرێت. گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ كۆبوونەوە و هەوڵەكانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەگەڕێتەوە كە دوێنێ لە ئەبوزەبی بەڕێوە چوو و بڕیار لەسەر ئەوە درا بۆ رێگریكردن لە زیاتر دابەزینی نرخی نەوت، بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە.

یەكێك لەو وڵاتانە كە بڕیاری داوە نیو ملیۆن بەرمیل لە هەناردەی نەوتی رۆژانەی كەم بكاتەوە، سعوودیەیە و ئەمە دوێنێ لە لایەن وەزیری نەوتی ئەو وڵاتەوە راگەیەنرا.

نرخی نەوت بۆ پێنجەم هەفتەی لە دوای یەك دابەزینی تۆمار كردبوو و گەیشتبووە نزمترین ئاستی لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو تۆمار كرابێت.

سەرەتای مانگی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت تا 87 دۆلار بەرز بووەوە و كۆتایی هەفتەی رابردوو بەراورد بە 40 رۆژی رابردوو نزیكەی 18 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دابەزی.

دابەزینی نرخ نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و خستنەڕووی نەوت و پێشبینی كرابوو لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا، نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، چونكە بۆشایی لە دابینكردنی نەوت دێتە كایەوە، بەڵام ئەمە رووی نەداوە و پێ دەچێت كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بە هێمنی پێشتر رووی دابێت و لەگەڵ كەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران لە شوێنی تر هەناردەی وڵاتانی تر زیاد بووبێت و قەرەبووی نەوتەكەی كردبێتەوە.

ئەوەی وایكردووە نرخی نەوت لە ماوەی رابردوودا دابەزێت، ئەوەیە ئەمەریكا رێی بە كۆمەڵێك وڵات داوە درێژە بە پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئێراندا بدەن و ئەمەش دڵەڕاوكێی كەمبوونەوەی نەوتی رەواندەوە.



وشە - سلێمان تاشان