خاتوونه مۆدێلیست هانی جه‌مال له دایكبووی شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و دیپلۆمی له كۆمپیوته‌ر هه‌یه" به‌ڵام ماوه‌ی ساڵێكه وه‌ك مۆدێلیست كار ده‌كات. له هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان له شاری هه‌ولێر به چه‌ندان مۆدێلی جیاواز به‌شداری كرد و بووه جێی سه‌رنجی ئاماده‌بووان.
هانی له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێت، "ده‌مه‌وێ له داهاتوودا كاری نواندن بكه‌م و به‌شداری هه‌موو ئه‌و فیلم و درامایانه‌ش بكه‌م كه گرته‌ی ڕۆمانسی و ڕووتبوونه‌وه‌ی تێدا هه‌یه".
كه‌ی وه‌ك مۆدێلیست ده‌ستت پێ كردووه؟
كاری مۆدێلینگ ئه‌زموونێكی تازه‌مه و ماوه‌ی ساڵێكه ده‌ستم پێ كردووه، به‌ڵام له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه حه‌زی ئه‌و كاره‌م هه‌بووه. بۆیه شاره‌زایییه‌كی زۆر باشم له مۆدێلینگ هه‌یه، چونكه پێشتر به‌شداریی چه‌ندان خولم كردووه و له ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه خۆم زۆر باش ڕاهێناوه. زۆر حه‌ز ده‌كه‌م ببم به مۆدێلیستێكی به‌ناوبانگ و بناسرێم و مۆدێلینگ ببێته كاری یه‌كه‌م و پیشه‌ی سه‌ره‌كیم.
تا ئێسته چه‌ند جار به‌شداری نمایشی جلوبه‌رگت كردووه؟
وه‌ك نمایشكاری جلوبه‌رگ تا ئێسته یه‌ك جار به‌شداریم كردووه، ئه‌ویش "هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان" بوو له شاری هه‌ولێر، به‌ڵام له ئێران له‌گه‌ڵ فۆتۆگرافه‌ران چه‌ندان جاری تر وه‌ك مۆدێلیست به‌شداریم كردووه.
چی وایكرد به‌شداری له هه‌فته‌ی نمایشی جلوبه‌رگی كوردستان له شاری هه‌ولێر بكه‌ی؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره چالاكییانه له ئێران قه‌ده‌غه‌ن و ڕێیان پێ نادرێت، منیش له منداڵیمه‌وه ئه‌و حه‌زه‌م هه‌بوو وه‌ك مۆدێلیست به‌شداری ئه‌و جۆره چالاكییانه بكه‌م و خه‌ونم به‌و ڕۆژه‌وه ده‌بینی، بۆیه كاتێك ئه‌م چالاكییه له باشووری كوردستان ئاگاداركردنه‌وه و ڕێكلامی بۆ كرا، به‌شانازییه‌وه هاتم بۆ هه‌ولێر و ماوه‌ی چه‌ند مانگێكیش مامه‌وه و سه‌رقاڵی ئاماده‌كاری و پڕۆڤه بووم و تا كۆتایش به سه‌ركه‌وتوویی كاره‌كانم ئه‌نجام دا. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت و له هه‌ر شوێنێكی دنیا ئه‌و چالاكییانه ئه‌نجام بدرێت، به‌شانازییه‌وه به‌شداری ده‌كه‌م.
جیاوازییه‌كان له نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان چین بۆ ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری؟
جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه سیسته‌مێكی ئیسلامیی زاڵ باڵی به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاندووه و هه‌موو ئه‌و چالاكییه هونه‌رییانه ڕێ پێنه‌دراوه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ده‌رفه‌ت بۆ هونه‌رمه‌ندان و مۆدێلیسته‌كان نه‌ڕه‌خسێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئازادانه كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و حه‌ز و ئاواته‌كانیان بێته دی، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ به‌ڕۆژ له پێشكه‌وتندایه و ئه‌و چالاكییانه زۆر به ئازادانه ئه‌نجام ده‌درێن و ده‌رفه‌ت بۆ هه‌موو كه‌سێك فه‌راهه‌م ده‌كرێ چالاكی و كاری هونه‌ریی ئه‌نجام بده‌ن.
تا ئێسته وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداری هیچ فیلم و درامایه‌كت كردووه؟
تا ئێسته ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ نه‌هاتووه‌ته پێش تا كاری نواندن بكه‌م، هه‌رچه‌نده زۆر حه‌ز له كاری نواندن ده‌كه‌م، به‌ڵام نیازم هه‌یه هه‌وڵی بۆ بده‌م و به‌شداری له فیلم و دراما بكه‌م و كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو و به‌ناوبانگ و ناسراوبم له كاری نواندنیشدا. جگه له نواندن، ڕۆژانه سه‌رقاڵی هونه‌ری سه‌ماكردنم، واته من دانسه‌رم و چه‌ند خاتوونێكی تریشم له به‌رده‌ستدا هه‌یه و كاری دانس به‌یه‌كه‌وه ده‌كه‌ین.
بۆچی تا ئێسته ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ت بۆ نه‌ڕه‌خساوه به‌شداری له فیلم و دراما بكه‌ی؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شداریكردن له فیلم و دراما وه‌ك هه‌ر كارێكی تری هونه‌ریی له ئێران بۆ ژن زۆر سه‌خته، ته‌نانه‌ت زۆر له بواره هونه‌رییه‌كان ڕێ پێنه‌دراون، بۆیه تا ئێسته نه‌متوانیوه به‌شداری بكه‌م، به‌ڵام له داهاتوودا له فیلم و درامای كوردی یان بیانی ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت، به‌شداری ده‌كه‌م.
ئاماده‌ی به‌شداری هه‌ر فیلم و درامایه‌ك بكه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گرته‌ی ڕووتبوونه‌وه‌شی تێدا بێت؟
هه‌ر فیلم و درامایه‌ك ته‌نیا سیاسی نه‌بێت، ئاماده‌م به‌شداری تێدا بكه‌م، له‌باره‌ی گرته‌ی ڕۆمانسی و ڕووتبوونه‌وه له فیلم، ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر مه‌به‌ستێكی هه‌بێت، واته ئه‌گه‌ر گوزارشت له ڕاستییه‌كان و به‌سه‌رهاته‌كانی ڕۆژانه بكات، به‌دڵنیایییه‌وه ئاماده‌م به‌شداری بكه‌م.
وه‌ك كچه كوردێك خه‌ون به‌چی ده‌بینی و چ ئامانجێكت هه‌یه؟
خه‌ون به‌وه ده‌بینم كه‌سێكی زۆر به‌ناوبانگ و ناسراوبم له گشت ئه‌و كارانه‌ی ده‌ستی بۆ ده‌به‌م، به‌تایبه‌تی له بواری مۆدێلینگ و ئه‌كته‌ریدا، چونكه ئامانجم ئه‌وه‌یه بتوانم له‌و ڕێیه‌وه خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی بكه‌م و كاری خێرخوازی ئه‌نجام بده‌م، به‌تایبه‌تی كۆمه‌ك بۆ منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت و كه‌سانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت كۆ بكه‌مه‌وه. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌م له داهاتوودا پڕۆژه‌م ده‌بێت و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌ڵام ئێسته نامه‌وێ ئاشكرایان بكه‌م.
وشـه/ محه‌مه‌د جه‌مال