سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئەڵمانی زانیاری نوێی لەسەر گرێبەستەكەی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئاشكرا كرد.
هاوینی پارساڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كردبوو كە نیماری بە 222 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتۆتە یانەی پاریس سان جێرمان.
رۆژنامەی (دێر شپیگل) ئاشكرای كرد: تێچووی گرێبەستە راستییەكەی نیمار لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان 252 ملیۆن یۆرۆ بووە نەك 222 ملیۆن كە پێشتر راگەیەنرابوو.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە هەردوو یانەكە تەنیا بەهای گرێبەستە ئیمزاكراوەكەی نێوانیان ئاشكرا كردووە و هیچ زانیارییەكیان لەسەر پارەكانی تری گرێبەستەكە رانەگەیاندووە كە بە كۆی گشتی دەكاتە 252 ملیۆن یۆرۆ.
سەرچاوەكە رایگەیاند: بەشێك لە پارەی گرێبەستەكە دراوەتە پینی زاهاڤی كە كەسی سەرەكی تەواوكردنی گرێبەستەكە بووە، هەروەها هەندێ پارەی تریش دراوەتە نوێنەری یاریزانەكە كە كۆی گشتی هەردووكیان 10.7 ملیۆن یۆرۆ بووە.
یانەی پاریس سان جێرمان هەندێ پارەی تریشی داوەتە یانەكەی پێشووی نیمار كە یانەی سانتۆسی بەڕازیلییە كە ئەویش 8.7 ملیۆن یۆرۆ بووە وەك پاداشتێك لەبەرامبەر پێگەیاندنی ئەستێرەكە و ناردنی بۆ ئەوروپا.
لەبەرامبەر وەرزێكی یاریكردندا نیمار لە یانەی پاریس سان جێرمان وەك مووچە بڕی 25.5 ملیۆن یۆرۆی خاوێن و بێ باج وەردەگرێ، لەگەڵ 5 ملیۆن یۆرۆی تر لەبەرامبەر پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز.
ئەم گرێبەستەی نیمار لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان بۆ ماوەی 5 ساڵ بووە و بەمەش تەنیا وەك مووچە لەم ماوەیەدا نزیكەی 150 ملیۆن یۆرۆ وەدەگرێ.