رۆژنامەیەكی ئیسپانی هۆكاری سزادانی عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرا كرد كە بەهۆیەوە لە یارییەكەی دوێنێ یەكشەم بەرامبەر یانەی ریال بیتیس دوورخرابووەوە.
دوێنێ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو لە گەڕی 12ی خولی ئیسپانیا مێوانداری یانەی ریال بیتیسی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی 3-4 گۆڵ دۆڕاند.
لەو یارییەدا بەفەرمانی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دێمبێلێ دوورخرابووەوە وەك سزایەك بەهۆی بەشدارینەكردنی رۆژێكی مەشق و راهێنانەكان.
چەند رۆژێك پێش ئێستا دێمبێلێ بێ ئەوەی هیچ كەسێك لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە ئاگادار بكاتەوە نەچووبووە مەشق و راهێنانەكانی تیپەكەی، هەروەها وەڵامی هیچ پەیوەندییەكی بەرپرسانی تیپەكەشی نەدابووەوە.
سەرەتا دێمبێلێ راگەیاندبوو كە تووشی ژانی گەدە و هەوكردن بۆتەوە، دوای ناردنی پزیشكێك بۆ ماڵەكەی دەركەوتبوو كە ئەم یاریزانە هیچ كێشەیەكی گەدەی نییە.
دواتر دێمبێلێ دانی بەهەڵەكەی دانابوو و ئاشكرای كردبوو كە مۆبایلەكەی شەحنی تێدا نەمابووە بۆیە نەیتوانیوە زوو لەخەو هەستێ و دواتریش وەڵامی پەیوەندییەكان بداتەوە.
ئەم هەڵسوكەوتەی دێمبێلێ بووە هۆی توڕەكردنی بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بەتایبەتیش ڤالڤێردی راهێنەری و بەهۆیەوە وەك سزایەك ناوی لە پێكهاتەی تیپەكەی بۆ یارییەكەی شەوی رابردوو دوورخستەوە.
دێمبێلێ لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كردووە چەندان كێشەی بۆ بەرپرسانی یانەكە دروست كردووە و رەنگە ئەمەش لە كۆتاییدا ببێتە هۆی ئەوەی یانەكە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بڕیاری فرۆشتنی بدات.
یانەكە لە هاوینی پارساڵ ئەم ئەستێرە لاوەی فڕەنسای بە بەهای 105 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی كڕی، رەنگە لە هاوینی داهاتوودا ئامادەبێت بە زەرەر و بە 70 ملیۆن یۆرۆش لە كۆڵ خۆی بكاتەوە.