ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی سێ وڵاتی ئەورووپا

:: PM:06:07:19/12/2016 ‌
وەزیرانی دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ و بەلجیکا و هۆڵەندا لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە و دوا پێشهاتەکانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش دەکەن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 19ی کانوونی یه‌که‌م/دیسێمبەری 2016، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جان ئەسیلبۆرن وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ، دیدیە ریندەرز وەزیری دەرەوەی بەلجیکا و بێرت کۆندرس وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا و شاندێکی یاوەریان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، باسیان لەوە کرد کە لە سەردانە مەیدانییەکانیاندا بۆ بنکەکانی مەشق و ڕاهێنان، هەماهەنگیی باشی نێوان پسپۆڕ و ڕاهێنەرانی بیانی و پێشمەرگەیان بینیوە، هەروەها پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیی هەرێمی کوردستان و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆریان لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، بەرز نرخاند و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە زیاتر هاوکار بێت.

هەروەها ڕێز و پێزانینێکی تایبەتیان بۆ خواستەکانی خەڵکی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە دەربڕی و قوربانیدانی پێشمەرگەیان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەرز نرخاند. باسیان لەوەش کرد کە پێویستە پلانێکی گشتگیر لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هاوپەیماناندا هەبێت بۆ قۆناغی دوای داعش لە ڕووی سەقامگیری و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچە ئاوادکراوەکاندا.

تۆکمەکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی لۆکسەمبۆرگ و بەلجیکا و هۆڵەندا و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و لەمبارەیەشەوە شاندی میوان پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان لە ڕووی سەربازییەوە بە باش وەسف کرد. هیواشیان خواست هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە زیاتر پێشکەوتن و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و ئامادەییی وڵاتەکانیشیان بۆ هاوکارییکردنی هەرێمی کوردستان لەمڕووەوە نیشان دا.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕووی سەربازییەوە هەماهەنگی و هاوکارییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە هێشتا وەک پێویست نییە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ نیشان دا. بە مافی هەرێمی کوردستانیشی زانی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ چارەنووسی خۆی لە چوارچێوەی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و دوور لە توندوتیژی، بدۆزێتەوە.

سەبارەت بە ڕەوشی مووسڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشیش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند هێزی پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکانی دەورووبەری مووسڵ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و هاوکار بووە لەگەڵ سوپای عێراق و بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هاوکارییەکانیان بۆ عێراق جەخت لەسەر بەشی هەرێمی کوردستان بکەنەوە چونکە تا ئێستا لێی سوودمەند نەبووە. جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە لەگەڵ بەغدا پلانێکی هەمەلایەنە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و گێڕانەوەی متمانە بۆ پێکهاتە جیاوازەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی باب و باپیرانیان لە داهاتوودا، هەبێت.

پاشان قوباد تاڵەبانی کورتەیەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە و ئەو هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەمە دەرفەتێکی بۆ حکوومەت دروست کردووە پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات. جەختیشی کردەوە کە پرۆگرامی چاکسازیی کارگێڕی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی لەئارادایە و ئەو هەنگاوانەشی خستە ڕوو تا ئێستا لە بواری چاکسازیدا نراون.


وشە - موحسین شابان