سەرۆكی دەزگای تەكنەلۆجیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رای گەیاند، بۆ خستنەكاری قۆناغی دووەمی بایۆمەتری، چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەكەن.
هیوا ئەفەندی سەرۆكی دەزگای تەكنەلۆجیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەم 12ی تشرینی دووەم بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی بۆ دەستپێكردنەوەی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی بایۆمەتری پێویستیمان بەدابینكردنی بودجەیە، دەسەڵاتی دابینكردنی بودجەكەش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆیە نەتوانراوە دەست بەقۆناغی دووەم بكرێت.
ئەفەندی گوتی "حكوومەت ئێستە لە نێوان كابینەی كۆن و نوێدایە، تا كابینەی نوێ پێك نەهێنرێت چاوەڕوان ناكرێت ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و دەست پێ بكاتەوە، بۆیە چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینی نوێ دەكەین بڕیاری لەسەر بدات".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە، ئەگەر سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی لە كابینەی نوێی هەرێمدا هەمان پۆست وەربگرنەوە، ئەوكات پرسی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری بە زوویی یەكلا دەكەنەوە، چونكە لە كابینەی هەشتدا یەكێك بوو لە چاكسازییەكانیان.
قۆناغی دووەمی بایۆمەتری كە لە پڕۆژەی دروستكردنی كارتی ئەلیكترۆنییە بۆ فەرمانبەران، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و پڕۆژەكە لە میلاك و ژمێریاری ئەلیكترۆنی پێكهاتووە، بەڵام تا ئێستە دەست بەجێبەجێكردنی نەكراوە.
سلێمانی /هەستیار