لەژێر درۆشمی "خێزان و نەخۆشیی شەكرە" بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاكرێ بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك، هەستا بە چارەسەركردنی نەخۆشانی ئاكرێ لەسەر شەقامی گشتی ناو سەنتەری بازاڕی ئاكرێ و بەردەم دەرگای قشڵەی ئاكرێ، لەوێ پشكنین و چارەسەر بۆ نەخۆشانی شەكرە دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم 12ـی تشرینی دووەم، سەباح زوهێر بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، بە مەبەستی نەهێشتنی نەخۆشییە درێژخایەن و گوازراوەكان، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاكرێ بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك هەستا بە پشكنین و چارەسەركردنی نەخۆشانی ئاكرێ لەسەر شەقامی گشتی ناو سەنتەری بازاڕی ئاكرێ.
ئەو گوتی، "هەڵمەتەكە لەلایەن پزیشكانی تایبەتمەند و پسپۆڕ بەڕێوە دەچێت و پشكنینێكی زۆر بۆ هاووڵاتییان كراوە بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەكان بەدووربن، بەشی هەرە زۆری ئەو كەسانەی كە پشكنینیان بو كراوە كەسانی بەساڵاچوون، لە ئەنجامدا دەركەوت كە ژمارەیەك لەو كەسانەی كە پشكنینیان بۆ كراوە، نەخۆشیی شەكرەیان هەیە و هیچ زانیارییەكیشیان لەسەر نەبووە، تەنانەت نەیانزانیوە كە تووشی شەكره بوون، بۆیە پێش ئەوەی ئەو نەخۆشییە بگاتە حاڵەتێكی مەترسی، پێویستە چارەسەری بۆ بكرێت"
ئەو بەرپرسە رای گەیاند كە لە دوو سەعاتی سەرەتای پشكنینەكان، زیاتر لە 150 كەس بەشداری لەو هەڵمەتە كردووە و پشكنینیان بۆ كراوە. گوتی "بێجگە لە پشكنین، هاوكات رێنوێنیی تایبەت لە بارەی نەخۆشیی شەكرە و فشار و چۆنیەتی چارەسەركردن بەو كەسانە دەدرێت كە بەشداری ئەو هەڵمەتە دەكەن، هەڵمەتەكە چەند رۆژ بەردەوام دەبێت"
ئاكرێ، نەوزاد هلۆری