قوباد تاڵه‌بانى كه ئێسته جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه و له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرا به سه‌رۆكى لیستى یه‌كێتى جارێكى تر له په‌ڕه‌ى تایبه‌تى خۆى له تویته‌ر سووكایه‌تى به هاووڵاتییان ده‌كات.
سووكایه‌تییه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ى تاڵه‌بانى به شێوازێكى قسه‌كردنى هاووڵاتییانه كه له‌ناو خه‌ڵكی هه‌ولێر و بیتوێن و پشده‌ر و تێكرای سنووری موكریان به‌كار ده‌هێنرێت ئه‌ویش جیا نه‌كردنه‌وه‌ى پیتى (ع) و (ح)ه. سووكایه‌تیه‌كه‌یش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه كه‌سێك له تویته‌ر بۆ تاڵه‌بانى نووسیوه، " كاك قوباد وه‌حدی شتێكت پێ داوم، تا ئێستا وه‌حده‌كه‌ت نه‌گه‌یانده سه‌ر...؟؟؟" به‌ڵام به‌بێ گوێدان به هه‌ستى ئه‌و كه‌سه قوباد تاڵه‌بانى وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه و نووسیویه‌تى" وه‌حد چییه؟".
وه‌ڵامه‌كه‌ى تاڵه‌بانى له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ناڕه‌زایی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌شێكى له به‌شدارانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر به توندى له‌سه‌ریان نووسیوه. بێستوون له‌تیف هاووڵاتییه‌كى تره و له پۆستێكدا له فه‌یسبووك نووسیویه‌تى، ده‌شێ قوباد تاڵه‌بانى نه‌زانێ، چونكه ئه‌و رۆژێك له رۆژان خه‌باتى به كوردستان نه‌كردووه و ئێسته كه خاوه‌نى ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌مه‌ریكییه ناشزانێ له زمانى كوردى چى هه‌یه و چى به‌كاردێت.
یه‌كه‌مجار نییه تاڵه‌بانى به‌مشێوه‌یه ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه و دواتر ده‌كه‌وێته به‌ر لێشاوى ڕه‌خنه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه هه‌ر له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵدا به چه‌ندان هه‌ڵه‌ى زمانه‌وانییه‌وه پۆستێكى له تویته‌ر بڵاو كرده‌وه و ڕاى گه‌یاند، ده‌رچووانى زانكۆكان بچن له كافتریا و هۆتێله‌كان كار بكه‌ن. كه ئه‌وه‌یش ناڕه‌زایی توندى لێ كه‌وته‌وه.