دوای ساڵێك لە بوومەلەرزە هێشتا باڵەخانەكانی دەربەندیخان نۆژەن نەكراونەتەوە

:: PM:04:06:12/11/2018 ‌

ساڵی ڕابردوو لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا سەعات 9 و 18 خولەكی ئێوارە بوومەلەرزەیەك بەگوڕی 7.3 بەپێوانەی ریختەر كوردستانی هەژاند و زۆرترین زیانیشی بە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان گەیاند . لە باشووریش شارۆكەی دەربەندیخان، زیانێكی زۆری بەر كەوت و تا ئێستاش ژمارەیەك لە قوتابخانە و بنكەی تەندروستی نۆژەن نەكراونەتەوە.

زیانە گیانییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان 600 كەسی تێپەڕاند و بە هەزارانی تر بریندار بوون هاوكات بە دەیان هەزار خانوو رووخان و هێشتا كەم نین ئەو هاووڵاتیانەی لە خێوەت و خانووی كاتیدا دەژین.

بەهۆی بومەلەرزەكە لە دەربەندیخان نزیكەی 30 قوتابخانە زیانی بەركەوت و لە ناویشیاندا دوو قوتابخانە زیانی زۆریان بەركەوت و چۆڵ كراون بۆ ئەوەی نۆژەن بكرێنەوە، بەڵام هێشتا نۆژەن نەكراونەتەوە و قوتابی و مامۆستاكان بۆ شوێنی تر گوازراونەتەوە.

رێبین محەمەد، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن لە پەروەردەی دەربەندیخان ئەمڕۆ دووشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەی ساڵی ڕابردوو، دوو قوتابخانە لە دەربەندیخان زیانی زۆریان بەركەوت و بەهۆیەوە چۆڵ كراون و گوازرانەوە بۆ ناو قوتابخانەی دیكە لە سنوورەكە.

ئەو گوتیشی هەر یەك لە ئامادەیی هەڵكەوت و قوتابخانەی ڕۆژ، لە لایەن ڕێكخراوێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ دەكرێت و تا ئێستە تەواو نەكراوە و بڕیار هەیە لە هەفتەی داهاتووەوە كارەكانیان تەواو بكرێت و ڕادەستی پەروەردە بكرێنەوە.

سەرەڕای ئەو دوو قوتابخانەیە هەر یەك لە بنكەی تەندروستی شەهید تۆفیق كاری نۆژەنكردنەوەی تەواو نەكراوە و بنكەی تەندروستی شەهید حەمید بیناكەی بە یەكجاری دەڕوخێنرێت و دووبارە دروست دەكرێتەوە.

بەهۆی بومەلەرزەكەوە لە دەربەندیخان زیان بەر بەنداوی دەربەندیخانیش كەوت و تا ئێستە كاری نۆژەنكردنەوە دەستی پێ نەكردووە، هەروەها بە زیاتر لە 15 كەس بوونە قوربانی كە لە ناویاندا چوار كەس گیانیان لە دەستدا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان