پەكەكە دەیەوێ شنگال بە دەردی ڕۆژئاوای كوردستان ببات

:: AM:08:54:13/11/2018 ‌
ڕێگرییەكانی پەكەكە لە ئاوادانكردنەوەی شارۆكەی شنگال بەردەوامی هەیە، جگە لە ڕێگریكردن لە ئیدارەی شارۆكەكە، ڕێگری لە دانیشتووانە ڕەسەنەكەیشی دەكەن كاتێك دەیانەوێ بگەڕێنەوە شنگال تەنیا لەبەرئەوەی لایەنگری پەكەكە نین. سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاوارەكانیش چەند نهێنییەك لەو رووەوە ئاشكرا دەكات.

ئارزین حەمۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاوارەكانی شنگال، رای دەگەیەنێت كە ڕێگرییەكانی پەكەكە و بێڕێزییەكانی بەردەوامە بەرانبەر بە ئاوارەكانی شنگال و دووپاتی دەكاتەوە "چەندان هەلی زێڕینی لە دەست داوین بۆ گەڕانەوەمان".

ئارزین بۆ "وشە" گوتی، حكوومەتی عێراقی دوو ساڵە بڕیاری پێدانی پارەی ئاوارەیی جێبەجێ‌ دەكات، بەڵام بەهۆی بوونی پەكەكەوە ئەو پارەیە نەدراوە بە ئاوارەكان و ڕێگری لە سەرژمێریی ئاوارەكان دەكەن و ئێستە گەمارۆی خستووەتە سەر چیای شنگال".

ئەو بەرپرسە تایبەتەی بواری ئاوارەیی، ئاشكرای كرد، "چەكدارانی پەكەكە بە مەرجی بوون بە لایەنگری ئەو هێزە ڕێ دەدەن بە گەڕانەوەی ئاوارە، هەر ئەوانیش وایان كردووە زەویی قەرەبوو بە ئاوارەكان نەدرێت، چونكە عێراق نازانێ مامەڵە لەگەڵ كێ‌ بكات لەو سنوورە، بۆیە ئێستە پەكەكە دەیەوێ شنگال بە دەردی ڕۆژئاوای كوردستان ببات".

پێشتر بڕێك پارە بۆ ئاوارەكان هات و بۆ هەر خێزانێك بڕی یەك ملیۆن دینار بوو، ئەو پارەیە لەكاتی هێرشەكانی حەشدی شەعبی بوو بۆ سەر شنگال نەما و ئێستەیش ئەو پارەیە دابەش نەكرا. سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاوارەكانی شنگال وای گوت. و دووپاتیشی كردەوە "ئێستە زانیومانە ئەو پارەیە لای پەكەكەیە و بە مەرج بە هاووڵاتییانی دەدات و بڕەكەی كراوە بە 500 هەزار دینار".

بەرپرسێكی نزیك لە پەكەكە لە شنگال باس لەوە دەكات كە پەكەكە لە شنگال هاوكاری یەپەشە دەكات، ئەوانیش لە شنگالین و دەمێننەوە و ناكشێنەوە، چونكە راوێژكاری هەموو وڵاتان لە عێراق بوونیان هەیە و هێزی یەپەشە بەشێكە لە هێزەكانی عێراق و مووچە لە عێراق وەردەگرن.

عومەر ساڵح ئەمینداری گشتی پارتی دیموكراتی ئێزیدی /نزیك لە پەكەكە/، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك رازی نابن ئیدارەی شنگال بگەڕێتەوە شارۆكەكە. 

ئەو دەڵێ "پێویستە ئیدارەیەكی نوێ دروست بكرێت لە خەڵكی شنگال، ئەوانەی پێشوو نابێ بگەڕێنەوە بۆ شنگال، چونكە حەشدی شەعبی هات بۆ شنگال و ئەوانیان جێهێشتووە، بۆیە پێویستە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە و ئیدارەیەكی نوێ دروست بكرێت".

عومەر گوتی، "رۆژ بەرۆژ دەسەڵاتی یەپەشە لە سنووری شارۆكەی شنگال فراوانتر دەبێت و حكوومەتی عێراق ناوە ناوە چەند ناوچەیەك رادەستی یەپەشە دەكات، دەیەوێ یەپەشە دەسەڵاتی تەواوی لە شنگال هەبێت تا لە داهاتوو لە هەر هەڕەشەیەك بیانپارێزێت، چونكە ئێستە یەپەشە بووەتە بەشێك لە سوپای عێراق و مووچەكانیشیان لە عێراق وەردەگرن".

لە بەرانبەردا وەیس نەواف سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال، بۆ "وشە"ـی رای گەیاند، بڕیار بوو ئیدارەی شەرعی شنگال بگەڕێنەوە شارۆكەكە، بەڵام پەكەكە لایەنگران و ژمارەیەك لە چەكدارانی خۆی هان داوە بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی ئیدارەی شارۆكەكە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال گوتی، گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ئەندامانی گرووپی رێكخراوی پەكەكە لەسەر رێی نێوان دهۆك – شنگال بەردەوامە بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەمان، چونكە ئاشكرایە پەكەكە نایەوێ ئارامی و سەقامگیری بۆ شنگال بگەڕێتەوە، بۆیە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دژی گەڕانەوەی ئیدارەی شنگال ئەنجام دەدات.

ئاماژەی دا، "داوامان لە سوپای عێراق كردووە بێن بڵاوە بە گردبوونەوەی چەكداران و لایەنگرانی پەكەكە بكەن، هاوكات پاسەوانیی ئیدارەی شارۆكەكە لە ئەستۆ بگرن تا دەگەڕێنەوە شنگال".

لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ شنگال و بڕیاری دەركردنی پەكەكە، نەواف گوتی، رێككەوتنی ئیدارەی شارۆكەی شنگال لەبارەی گەڕانەوەیان، لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای نەینەوایە، بۆیە ئێستە نازانین چی دەبێت دوای گەڕانەوەمان، بەڵام خوازیارین سەقامگیری لە سنووری شنگال بێتە ئاراوە.

وشە/ رامیار جەواد - بڵند ئیبراهیم



وشە - تایبه‌ت