یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوێنێ دووشەم ئیمزای لەسەر مانەوەی سانتیاگۆ سۆلاری لە ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی بەشێوەی یەكجاری كردووە.
یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشكرای كرد: یانەی ریال مەدرید بەڕەسمی ئیمزای لەسەر هێشتنەوەی سۆلاری وەك راهێنەری یەكەمی تیپەكەی بەشێوەی یەكجاری كردووە.
ماڵپەڕی یەكەتییەكە بڵاوی كردەوە: یانەی ریال مەدرید هەموو شتێكی بەرێك و پێكی ئەنجامداوە و بەفەرمی گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ سۆلاری كردووە و هیچ كێشەیەك نەماوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەفەرمی مانەوەی سۆلاری رابگەیەنێ و هەروەها ماوەی گرێبەستەكە و بەهاكەشی ئاشكرا بكات.
سۆلاری تەمەن 42 ساڵ دوای دەركردنی جولین لۆپیتیگی، بەفەرمی راهێنەرایەتی 4 یاریی یانەی ریال مەدریدی كردووە و هەرچوار یارییەكەشی بردۆتەوە.
دوایین سەركەوتنی سۆلاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید رۆژی یەكشەمی رابردوو بوو لە گەڕی 12ی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ بە ئەنجامی 2-4 گۆڵ، بەم سەركەوتنەش یانەی شاهانە جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگی خولەكە كردە تەنیا 4 خاڵ.
لەو كاتەوەی سۆلاری بۆتە راهێنەری یانەی ریال مەدرید هێڵی هێرشبەری یانەكە بەهێزتر دەركەوتۆتەوە و لە 4 یاریدا توانراوە 15 گۆڵ تۆمار بكرێ و لەبەرامبەریشدا تەنیا 2 گۆڵی لێ كراوە.
سۆلاری كە لەنێوان ساڵانی 2000 تا 2005 یاریزانی یانەی ریال مەدرید بووە، لە ساڵی 2013 ببووە راهێنەری تیپی لاوانی یانەی شاهانە و دواتریش لە 2016 پۆستی راهێنەرایەتی تیپی دووەمی یانەكەی وەرگرتبوو.
ئامانجی سۆلاری لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا بێگومان برێتی دەبێت لە پارێزگاریكردن لە ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا و بردنەوەی خولی ئیسپانیا لەسەرووی هەمووشیانەوە بەدەستهێنانی جامی جیهانی یانەكانیش دەبێت كە بڕیارە لە 12 تا 22ی مانگی داهاتوو لە وڵاتی ئیماڕات بەڕێوەبچێت.